چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حکومەتی هەرێم کار بۆ سەوزکردنی کوردستان دەکات 

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، هەندێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەست بە بڕینەوە دار دەکەن، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان، ئەوەش بە بیانووی نەبوون و دابەشنەکردنی نەوتی سپی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵ دابووە بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆییکردن بۆسەر ژینگە و سروشتی کوردستان و چەندین رێکاریشی بۆ ئەو مەبەستە گرتۆتەبەر.

هه‌ڵكه‌وت دوكانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باخداری و دارستان و پاوان له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە پێگەی فەرمی  حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:”بەردەوام هەوڵی خۆمان داوە بۆ ئەوەی رێگری لەو دیاردەیە بکەین و دوایین هەوڵیشمان لە کاتی سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ لە مانگی ئابی ئەمساڵ، کە بە یاداشتێک ئەم بابەتەمان بە بەڕێزیان دا و لە بڕگەکانی یاداشتەکەدا ئەوەمان دیاریکردبوو کە پاراستنی دارستانەکان گرنگە.”

هەڵکەوت دوکانی، ئاماژەی بەوەشدا کە لە یاداشتەکەدا داوایان کردووە کە هەوڵبدرێت بەردەوام نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵک ناچار نەبن وەکو جێگرەوەیەک بۆ نه‌وتی سپی، په‌نا بۆ بڕینه‌وه‌ی دار ببه‌ن. هه‌روه‌ها داوایان کردووە وه‌زاره‌تی ناوخۆ (پارێزگا و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان) و پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگه،‌ زیاتر لێپرسینه‌وه‌ و به‌دواداچوون بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی داری دارستانه‌كان ده‌بڕن و بازرگانی پێوه‌ ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی سه‌رپێچی ده‌كه‌ن هه‌ڵكه‌وت دوكانی رایگەیاند:”وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌ پێی یاسای دارستان ژماره‌ ١٠ی ساڵی ٢٠١٢، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رپێچی ده‌كه‌نە‌ سه‌ر دارستانه‌كان و ژینگه‌ی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی سزادانیان به‌ پێبژاردن له‌سه‌ر هه‌ر داربڕینێك و ته‌نانه‌ت سزاكه‌ ده‌گاته‌ به‌ندكردن.”

بە گوتەی دوکانی، ئه‌گه‌ر دار بڕینه‌وە‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندیش بێت بۆ پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی یاخود خزمه‌تگوزاریی، یاساكه‌ دیاریكردووه‌ كه‌ بۆ كامه‌ پڕۆژه‌ ده‌توانرێت ده‌ستكاری ئه‌م دارانه‌ بكرێت كه‌ ڕێگرن له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، ئه‌وكاتیش به‌گوێره‌ی ته‌مه‌نی داره‌كه‌ و جۆری داره‌كه‌ ده‌بێت قه‌ره‌بوو بدرێته‌وه‌، پاشان كاره‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌یش له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ خه‌مڵاندنی بۆ ده‌كرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باخداری و دارستان و پاوان دەڵێت:”به‌گوێره‌ی یاسا سزادانی سه‌رپێچیكاران له‌ تایبه‌تمه‌ندێتی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانە،‌ كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ له‌ گوند و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سكاڵاكان پێشكه‌ش ده‌كرێن، ئێمه‌ش هۆبه‌ی دارستان و پاوانمان له‌ قه‌زا و ناحیه‌كان هه‌یه،‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دارستان له‌ پارێزگاكان كه‌ رامان سپاردوون هیچ چاوپۆشییه‌ك به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیكاران نه‌كه‌ن و ده‌بێت بدرێنه‌ دادگا.”

پلانی تایبه‌ت به‌ هۆشیاركردنه‌وه‌

له‌رووی هۆشیارییه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هەڵکەوت دوکانی رایگەیاند:”به‌شێوه‌یه‌ك پلان دانراوە بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی تایبه‌تمه‌ندن به‌و بابه‌ته‌ یاسا و رێنماییه‌كانیان بۆ روون بكرێته‌وه‌ كه‌ نابێت پێشێلی بكه‌ن و ده‌بێت له‌ڕووی میدیایی و راگه‌یاندنه‌وه‌ كاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێت و هۆشیاری زیاتر به‌ هاووڵاتیان بدرێت و هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری بڵاو بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باخداری و دارستان و پاوان، ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌ڵمه‌تی نه‌مامچاندیان هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ زیادبوونی رووبه‌ری سه‌وزایی و گرنگیدان به‌ سروشت و ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.”

داتاکانی تایبەت بە سەرپێچی کردن

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی باخداری و دارستان و پاوانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەردەوام چاودێری ژینگەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە ساڵی رابردووشدا چەندین سەرپێچیکاری ژینگەییان رووبەڕووی یاسا کردووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی باخداری و دارستان و پاوان لە ساڵی رابردوودا ٢٩٥ کەیس لەو بوارەدا هەبووە کە بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:

– پارێزگای هەولێر ٦٢ كه‌یس.

– پارێزگای سلێمانی ١٠٠ كه‌یس.

– پارێزگای دهۆك ١٢٠ كه‌یس.

– ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ١٣ كه‌یس.

ژمارەی ئەو كەیسانەی یەكلا كراونەتەوە لە دادگا ٧٤ كەیسە و به‌مشێوه‌یەیە:

– پارێزگای هەولێر ٢٤ كەیس.

– پارێزگای سلێمانی هیچ كەیسێك یەکلا نەکراوەتەوە.

– پارێزگای دهۆك ٤٣ كەیس.

– ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ٧ كه‌یس.