پارتی ، فراوانتر لە‌ ژینگە‌یە‌كی جوگرافیی دیاریكراو

بێستوون مسعود ساڵەیی

ئێستا ھەموو چاوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆنگرەی چواردەی ئەو حزبەیە.
ئەوەی گرنگە تیشکی بخەینەسەر چاوەکان فۆکسیان زیاتر لەسەر سیاسەت و پلان و کاری ئەو پارتە دێرین و بەتەمەنەیە کە ئاخۆ دوای کۆنگرە ڕاسپاردە و بەرنامەکانی پارتی بۆ داھاتوو دەبێ چی بێت. پارتی حزبێکی گەورەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گەورەترین حزبی کوردستانی و عێراقییە.
حزبێکە لەسەر بنەماو پرەنسیپ و دسپلینینەکانی خۆی کار دەکات، پابەندە بە کۆمەڵێ بنەمای سەرەکی کە ھەموو کاتێک جەختی لەسەر کردووەتەوە، جگە لەوە لای پارتی سیاسەتی نەگۆڕی لەسەر ھەندێ پرس داناوە و بەزاندنیان بە ھێڵی سوور دەزانێت، بۆ نموونە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و پرسی پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان و ئایین و ئایینزاکان و پاراستنی ئاشتیی ناو کۆمەڵگای کوردستانی یەکێکن لە بنەما گرنگەکانی پارتی.
پارتی حزبێکی خاوەن ڕێباز و کلتووری تایبەت بەخۆیەتی کە تەنیا لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا خۆی قەتیس نەداوە، بەڵکو لە جوگرافیای کوردستانی و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە حزبێکی گرنگ و کاریگەر دادەنرێت لە ھەر چوار پارچەی کوردستان ھزر و ڕێبازو کلتووری بارزانی و پارتی بڵاوە، ھەر بۆیە کۆنگرەی پارتی ئەو زەروورەتە دخاتە ڕوو کە پارتی تەنیا موڵکی خۆی نییە بەڵکو موڵکی ناوچەیێکی فراوانی جوگرافیی وەکو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و، فراوانتر لەوەش ئەمڕۆ پارتی خاوەنی قورسایی، کاریگەریی و پێگەی سیاسیی جیهانیی خۆیەتی، بەو مانایەی کە لە چوارچێوی نەخشەی سیاسیی پارتە کاریگەرەکانی جیهاندایە…
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبەرامبەر ھەر گۆڕانکاریەکی نێوخۆیی و دەرەکیدا بە سیاسەت و پلانەکانی کارکردنی خۆیدا دچێتەوە و بەرەو باشتر و بەھێزتر ھەنگاو دەنێت. خاڵێکی گرنگی پارتی ئەوەیە کە ھیچ کات ڕێگە نادات لە گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان دوا بکەوێت، بۆیە لەگەڵ ھەر قۆناغێکی گۆڕانکاریی جیهانیدا، پارتییش دەکەوێتە خۆی و ھەنگاوەکان لە گەڵ گۆڕانکارییە سیاسیەکان و پێشکەوتنەکانی ناو کۆمەڵگا یەکانگیر دەکات. بەھێزبوونی پارتی کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر ھەموو لایەک، بۆ نێوخۆیی و ناوچەیی، ھەمیشە بەھێزبوونی پارتی جێگەی ئومێد بووە بۆ گەیشتن بە مافەکانمان و ھێنانەدی ئارامی و ئاسایشی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان.
ئەمڕۆ کوردبوون خۆی لە پارتیبووندا دەبینێتەوە، لە ڕاستیشدا تێگەیشتنە دروستەکە ھەر دەبێت وا بێت، چونکە پارتی بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەی سیاسەت دەکات و ھەر بۆ ئەو مەبەستەش ھەردەم لە سەنگەری بەرگریکردندا دەوەستێتەوە، ڕوون و ئاشکرا ئەوەی گەل داوای دەکات بە بێ ھیچ پەردەو سانسۆرێک دەچێتە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانەوە، ئەنجامەکانیش دەخاتەوە بەردەم گەل و، ئەوەی چاوپۆشی لێ ناکات ماف و ئیمتیازاتی خەڵکی کوردستانە.
پارتی ئەو حزبەیە کە پرسی نیشتیمانی و ئامانجەکانی نەتەوەکەی وەکو بیرو بەرنامە بە باڵای خۆیدا دووریوەو نەخشاندوویەتی. پارتی و سەرکرایەتیەکەی دەبێت بە چاوی گەورەتر لێی بڕوانین، چونکە قورسایی دۆزی کورد بەجۆرێکە جگە لە پارتی ھیچ لایەنێکی تر وەکو پێویست خۆی بۆ تەرخان نەکردووە و قوربانی و باجیشی بۆ نادەن، پارتی دۆزی گەلەکەی بە بەرپرسیاریەتی و ئەرکی نیشتیمایی خۆی دەزانێت و ھەر بۆیەش زلهێزەکانی جیهان و ھەروەھا ئەوانەی دوژمن و نەیاری پارتین لە پێگەو سەنگی پارتی تێگەیشتوون و لە ئاستی ھەرە باڵادا مامەڵەی لەگەڵووا دەکەن و بەو ھێزە گەورەیە دەبینن کە خاوەن کۆڵەکە و ستوونی زۆر بەھێزی نەتەوەیی و نیشتیمانیە،کە نمونەی بەھێزیش بۆ ئەم کۆڵەکە نەتەوەییە، ئەنجامی گشتپرسی ڕیفراندۆمی کوردستانە کە ئەوەی پارتی پێداگیری لەسەر کرد و داوای دەکرد گەلی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی بەڵێ دەنگیان بۆ دا.

ھەواڵی زیاتر