پاڵاوتگەی (لاناز) سەرەڕای ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ نزیکەی ٢ هەزار کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و سوودمەند بوونی ژمارەیەکی زۆرتری دیکە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، بەشێکی کێشەی سوتەمەنیی، بەتایبەتی بەنزین لە کوردستان چارەسەر کردووە.
پاڵاوگەی (لاناز)، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە ڕێورەسمێکدا، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایەوە.
پاڵاوگەکە، ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە و یەك ملیۆن و ٧٠٠ هەزار لیتر بەنزین و پێنج هەزار تۆن قیر و چەندین جۆر بەرهەمی دیکەی سوتەنی لە گازوائیل و نەوتی سووک و قورس و گازی شل بەرهەمدێنێت.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمەکەدا، ئاماژەی بە کاری سەرەکیی پاڵاوگەکە بۆ بەرهەمهێنانی سوتەمەنی بۆ سوود وەرگرتنی هاوڵاتیان کرد و ئاماژەشی بە دەستەبەرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی هەلی کار بۆ دانیشتوانانی هەرێمی کوردستان کرد، کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پشتگیری لە دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییانی کوردستان.