پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

رووسیا به‌شداریكردنه‌كه‌ی له‌ رێككه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانی هه‌ڵپه‌سارد

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، رووسیا به‌شداریكردنه‌كه‌ی له‌ رێككه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانی بۆ جیهان هه‌ڵپه‌سارد.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی رووسیا دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 29ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022) كه‌شتییه‌كانییان له‌ دوورگه‌ی سیڤاستوپۆڵی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی كریمیا، له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌ كرانه‌ئامانج، كه‌ به‌شێكبوون له‌ تیمی پاراستنی گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانی بۆ جیهان، له‌ رێگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ماریا زاخارۆڤا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، له‌ رێگه‌ی هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تێلگرامه‌وه‌ رایگه‌یاند، رووسیا ده‌یه‌وێت له‌باره‌ی زنجیره‌ هێرشه‌كانی ده‌ریای ره‌ش و باڵتیك، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه‌، ئاگاداربكاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها زاخارۆڤا گوتی: “ئه‌و هێرشانه‌ به‌ریتانیای له‌ پشته‌”.

له‌ 24ـی شوباتی رابردوو به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پووتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرش كرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون و تا ئێستاش شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌.