ئەمڕۆ شەممە (٢٩ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢) لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا، حسێن سەلامی بەرپرسی باڵای سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە توندی هەڕەشەی لە خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكەی ئێران كرد و گوتی: ”ئەمڕۆ شەممە دواڕۆژی رژانتانە بۆ سەر شەقەماكان، چیتر نەتابینین لە شەقامەكاندا، پێویستە ئیتر واز لەم (گێرەشێوێنییە!) بهێنن، چیتر مەبنە بووكەڵە بەدەست ئەمریكاوە! چیتر رێگەتان پێنادەین.“
لای خۆیشیەوە حسێن رەحیمی، بەرپرسی پۆلیسی شاری تارانی پایتەختیش هەر ئەمڕۆ شەممە، بە هەمان شێوە بە زمانی هەڕەشە دوا بۆ خۆپیشاندەران و گوتی: ”چیتر رێگە نادەین گێرەشێوێنان رەوشی تەناهی تێكبدەن و پۆلیس بەتوندی رووبەڕووی هەر كەسێك دەبێتەوە كە ئەو كارانە بكات.“
جێی باسە، ئەم هەڕەشانەی هەردوو بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنیی ئێران، لە كاتێكدا دێ كە لە دوای شەهیدكردنی كچە كوردی سەقزی (ژینا ئەمینی) لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە بە پاساوی سەرپێچی لە سەرپۆشیندا دێ، نزیكەی حەوت هەفتەیە زۆربەی هەرە زۆری شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە و لە چەند رۆژی پێشوودا بە بۆنەی چلەی ماتەمینیی ژینا ئەمینییەوە، خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زۆرتر پەرەی سەند، تاوەكوو ئێستاش ئەنجامی ئەو رووداوانە، سەدان قوربانی لە شەهید و برینداری لێ كەوتووەتەوە وێرای دەستگیركردنی سەدان خۆپیشاندەر لە زۆربەی شارەكاندا.