قایمقامی قەزای ئامێدی ڕایگەیاند، تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆی لە دەڤەری ئێمە کردووەتە خاوەن و کاری خێرخوازی دەکات.
لەم بارەیەوە، وارشین سهلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی ڕاگەیاند: ”شەش ناحیەی گەورە سەر بە قەزای ئامێدین کە بریتین لە ناحیەکانی شێلادزێ، دێرالۆك، سهرسنك، بامهرنێ، كانى ماسێ و چهمانكێ و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەکی زۆرەوە بۆ قەزای ئامێدی هەوڵی داوە باشترین پرۆژە لەو ناحیانە جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی بکەونە خزمەتی خەڵکی دەڤەرەکەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر پرۆژە لە ناوچەکە جێبەجێ کراون و ژمارەیەک پرۆژەش لە واری جێبەجێکردندان، دیارە خزمەتی خەڵک ئەرکی ئێمەیە و منەتی تێدا نییە.”
قایمقامی قەزای ئامێدی ئاماژەی بەوەش دا، لە قەزای ئامێدی دوای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بێجگە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هیچ دەزگایەکی دیکەی خێرخوازی خۆی لە دەڤەرەکە نەکردووەتە خاوەن و گوتیشی: ”تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆی لە دەڤەری ئێمە کردووتە خاوەن و کاری خێرخوازی دەکات و لە هەموو ناحیەکان دەیان پرۆژەی گرنگی خێرخوازیی جێبەجێ کردووە و لە هەموو بوارەکاندا کاری گرنگیان کردووە و لە هەموو دەرفەتێکدا هاوکاریی جیاجیایان پێشکەشی خەڵکی قەزای ئامیدی کردووە و ئێمەش سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین.”