سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی گه‌یشته‌ جەزائیر

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی كۆمكاری عه‌ره‌بی گه‌یشته‌ جه‌زائیر.

ئەمڕۆ هەینی (28ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، له‌ یه‌كه‌م ئه‌ركی دیپلۆماسییدا دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك گەیشتە فڕۆکەخانەی هه‌واری بومدێن لە جەزائیر، به‌مه‌به‌ستی بەشداریکردن لە 159هه‌مین خولی وه‌زاریی کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی.

لە بەیاننامەیەکدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاندووه‌، فوئاد حوسێن لەلایەن نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی کۆماری جەزائیر، نورەدین عەوامه‌وه‌ پێشوازی لێکراوه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، وەزیری ده‌ره‌وه‌ لە پەراوێزی كۆبوونەوه‌كاندا له‌گه‌ڵ ژمارەیەك لە هاوتا عەرەبییەكانی كۆدەبێتەوه‌.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی كۆمكاری عه‌ره‌بی، له‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان دێت بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی خولی 31هه‌مینی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی دێت كه‌ وابڕیاره‌ له‌ رۆژانی (1 و 2ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022) له‌ جه‌زائیر به‌ڕێوه‌بچێت.