سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

عەلی عەونی: زۆربەی نێردە بیانییەکان پرسیاری گۆرانکارییەکانی پارتی دەکەن

ڕۆژی 23ی ئۆکتۆبەر، لقی 6ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەورووپا وێبینارێکی بۆ عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لەژێر ناوی ”کۆنگرەی 14ی پارتی؛ نوێبوونەوە و دادپەروەری و پێکەوەژیان” بەڕێوە برد و تێیدا ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی تیشکی خستە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پارتی و بە ڕووداوێکی گەورەی ناو برد.

لە سەرەتای قسەکانیدا عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی گوتی: ”ئێمە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو ڕووداوێکی زۆر گەورە و گرنگ دەچین لە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان و، بگرە لە مێژووی ھەموو گەلی کورددا، ئەوەش بەستنی کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێستا پارتی گرنگترین دامەزراوە، یان ڕێکخستنی ھەموو کوردستانە لە ھەر چوارپارچەی کوردستان و کاری سیاسی و بارودۆخی سیاسیی باشووری کوردستان بەتایبەتی ئەم پرۆسەی ھەڵبژاردنەی ئێستای پارتی بۆ کۆنگرە لە زۆر وڵاتان بەقەدەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتیکە کە خەڵک ھاتبێتە دەنگدان، پرۆسەی کۆنگرە بەگشتی و دەنگدان و ھەڵبژاردنەکان کەمترین کێشەی تێ کەوتووە، ھیچ کێشەیەکی گەورەی تێیاندا ڕووی نەداوە، ڕاستە ئێمە دەبوایە ئێستا کۆنگرەی ١٦ ببەستین، بەڵام ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی پارتی و کوردستان بووەوە، دەرفەت نەڕەخسا بۆ بەستنی کۆنگرە، شەڕی داعش، چوار ساڵ و شەڕی حەشد و خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر، دوای ئەم ھەموو کیشەیە توانیمان بێینە درەوە و لەسەر پێی خۆمان بوەستین، پاشان شەڕی کۆرۆنا یەخەی گرتین، ئێستا زەمینەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارە بۆ بەستنی کۆنگرەی خۆی.”

ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئاشکرای کرد: “زۆربەی ئەو نێردە دیپلۆماسی و لایەنە سیاسی و دەرکی و ناوخۆیییانەی کوردستان، کە سەردانی مەکتەبی سیاسیی ئێمە دەکەن، دەپرسن پارتی بەتەمای چییە و چ گۆڕانکارییەک دەکات لە کۆنگرە، ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە پارتی تەوەرێکی گرنگی ناوچەکەیە، ئەوەی ئێستا لەناو پارتیدا دەگوزەرێت بەراورد لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان لەناو باشووری کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان پارتی لە دۆخێکی ھەرە تەندروستدایە و ھەموو پارتەکان ڕازین بە سەرۆکایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی و ھەموومان پێیان وایە بوونی جەنابیان ئیمتیازێکە لە ڕابەرایەتیکردن بۆ یەکێتیی بڕیار و یەکێتیی ڕێکخستن، پارتی دەتوانێت گەورەتر بێت و باشتر بێت و کەموکووڕییەکانی چارەسەر بکات، ئەگەر ئیستا قاعیدەی ڕێکخستنی پارتی گلەیی لە ئەدای سەرکردایەتیی خۆی ھەیە، ئەوە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کادیران و ھەڤاڵانی ئێمە بۆ ھەموو جۆرە گۆڕانکارییەک چ لە بەرنامە و چ لە پەیڕەو و پرۆگرامدایە.”

عەلی عەنی ڕوونیشی کردەوە: “ھەموو کادیران و سەرکردایەتی جەخت دەکەونەوە دەبێ پارتی حزبی لە زاخۆ تا خانەقین بێت، پارتی نابێت وەکوو حزبەکانی تر حزبی ناوچەیی بێت، نھێنیی مانەوەی پارتی بریتییە لە خۆنوێکردنەوە چ لە ڕووی بەرنامە و ج لە ڕووی سیاسییەوە، ڕێژەی ئەو ئافرەتانەی لە کۆنگرەی ڕابردوو کە بە دەنگی خۆیان دەرچوون و بوونە نوێنەری کۆنگرە زۆر کەمتر بوو، ئەم جارە زۆر زیاترە و ھیوادارین لە کۆنگرەی داھاتوو پێویستیان بە کۆتا نەبێت و بە دەنگی خۆیان بێنە پێش، دەربارەی دیاسپۆرای کوردی ئیمە پێمان وایە دیاسپۆرای کوردی لە دەرەوە پشتوانێکی گەورەی ئێمە بووە لە قۆناغە جیاجیاکان و ڕۆڵێکی زۆر شەرەفمەندانەیان گێڕاوە لە کاتی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەرین و گیانفیداییان لە مەیدانەکە بووە و ئێستاش پێمان وایە دەبێت دیاسپۆرای کوردی بچێتە ناو کایەی سیاسی لە ئەورووپا و گشت وڵاتانی تر، پەیڕەو و پرۆگرام بۆ ئەوەیە کە ئەندام بیخوێنێتەوە و مافی خۆی بزانێت،  دەستکاریی سیستەمی حزبیی پارتی کارێکی ئاسان نییە و ھیوادارم ھەموومان دڵخۆش بین بە ئامانجەکانی کۆنگرە، ئێمە ھەموومان وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانیمان پێ قبووڵە. جەنابی سەرۆک بارزانی لە بواری پێکەوەژیان پێشی زۆر لە کارەساتی گەورە لە کوردستاندا گرتووە، کۆمەڵگای ئێمە قبووڵی کردووە پەیڕەوی لە ڕێنوێنییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی و شێخ عەبدولسلامی شەھید و شێخ ئەحمەدی بارزانی بکات بۆ پارێزگاری لە ئایین و سروشت، لە ڕاستیدا ئەم داھێنانە تەنھا ھی سەردەمی ئێمە نییە.”