سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

13مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەڵمانیا دەستی پێکرد

له‌ شاری هامبۆڕگی ئه‌ڵمانیا به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و سینه‌ماكاری كورد، 13مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد.

بە ئامادەبوون و بەشداری ژمارەیەک لە ئەکتەر و دەرهێنەر و سینەماکارانی کورد و میوانان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و ژمارەیەک له‌ هونەرمەند و کەسایەتی و ڕووناکبیر و کوردانی دەرەوە، لە شاری هامبۆڕگی  ئەڵمانیا 13مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی کرایەوە .

ڕه‌وه‌ند جه‌واد كه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری فێستیڤاڵه‌كه‌یه‌ ڕایگەیاند : له‌ فێستیڤاڵی ئه‌مساڵی فیلمی كوردیدا چەندین فیلمی درێژ و دۆکۆمێنتاری و بەڵگە فیلمی جۆراوجۆر نمایش دەکرێن.

ڕاشیگه‌یاند: بابه‌تی فیلمەکان زیاتر لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری گەلی کورد دروست کراون.

لای خۆشییه‌وه‌ بڵنت بۆت كه‌ ئەندامی ژووری فێستیڤاڵی فیلمی كوردییه‌ گوتی: دوای نمایشكردنی سه‌رجه‌م فیلمه‌كان، خه‌ڵات ئاماده‌كراوه‌ و به‌سه‌ر باشترین فیلمه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: لە یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی، فیلمی (جیران)ی دەرهێنەر مانۆ خەلیل بۆ ئاماده‌بووان نمایش کرا.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ 13مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی ئه‌مساڵدا زیاتر لە 28  فیلم لە سینەماکانی هامبۆڕگ پێشان دەدرێن، لەگەڵ پێشکێشکردنی چەندین نمایش و چالاكی و گورانی کوردیدا.