سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بە بۆنەی پەسەندکردنی کارنامە و متمانەبەخشین بە کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقه‌وه، پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە گرینگەی لە هەموو عێراقییه‌کان كرد.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامه پیرۆزباییه‌كه‌دا ده‌ڵێت: پیرۆزبایی تایبەتیمان بۆ سەرۆک وەزیران محەمەد شەیاع سوودانی و ئەندامانی کابینەکهی لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ هه‌موویان لە ئەرکهکهیاندا.
ده‌شڵێت: هیوادارین ئەم هەنگاوە ئومێدبەخشە، سەرەتای کۆتاییی مەینەتییەکانی خەڵکی عێراق و ده‌سپێکێکی نوێ بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشه و قەیرانەکان، گەشەی ئابووری، پەرەپێدانی خزمەتگوزاری، سەقامگیری و ئاسایش، ڕاستەڕێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی، چارەسەری دەستورییانەی کێشەکانی هەولێر–به‌غدا و گەڕانەوەی متمانەی گەل بە دامەزراوەکان و ئاوەڕدانەوەی جددی حکوومەت لە داخوازییە ڕەواکانی هاووڵاتییان.
نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: بەم بۆنەیەوە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی کارنامە و هێنانەدی بەڵێنەکانی حکوومەتی نوێ ڕادەگەیەنین. وەک هەمیشە ئامادەییی خۆمان بۆ چارەی هەموو گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بە گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا دووپات دەکەینەوە.
له كۆتاییدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: جارێکی دیکەش جەخت لەو ڕاستییە دەکەینەوە کە چارەی گرفت و کێشە جۆراوجۆرەکانی عێراق و تێپەڕاندنی سەختییەکانی قۆناغەکە، ئەرک و بەرپرسییاریهتیی هاوبەشی هەموو لایەکمانە، بەرژەوەندیی عێراقییه‌کان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لێمان دەخوازێ هەمووان لە ئاستی ئەو بەرپرسییارییهتییەدا بین.