بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی سویسرا و بە بەشداری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ پەیمانگای قورتبە بۆ ئاشتی – جنێڤ، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان لە جنێڤ رێکدەخات.
ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پرۆسەی پێداچوونەوەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان و پلانی نیشتمانی حکومەتی ئیتحادی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەرووی زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان.
لەبارەی بەشداریكردنی حكومەتی هەرێم لەم كۆبوونەوەیەدا د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم كە هاوکات سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پلانی هەرێمە بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند: لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتحادی، نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و سویسرا، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و کۆمیسۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران بەشدارن.
ئەم كۆبوونەوەیە دەرفەتێک دەبێت بۆ خستنەڕووی تەحەدیات و ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدیهاتوون لە پرۆسەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەتی بێسەروشوێنبوون کە بەشیکە لە پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ و لە کۆی (٣٨٩) راسپاردە بۆ هەرێم، (٩) راسپاردە تایبەتە بە تاوانی بێسەروشوێنکردن لە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
شایەنی باسە بەپێی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی پاراستنی هەموو کەسەکان لە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ، حکومەتی عێراق پابەندە بە پێداچوونەوە و پێشکەش کردنی هەوڵەکانی خۆی بە لایەنی نێودەوڵەتی لەو رووەوە.

