لە ڕێگەی پڕۆژەی کارەباوە سەیدسادق ڕووناکتر دەکرێتەوە

فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیاریی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 132 کەی ڤیی تانجەڕۆ ـ سەیدسادق له‌ قۆناغى كۆتاییدایه‌، پڕۆژه‌كه‌ش یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژییانە کە لەلایەن وەزارەتی کارباوە ئەنجام دەدرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26/10/2022، فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیاری ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: “پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 132 کەی ڤیی تانجەڕۆ ـ سەیدسادق، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیار وایە بەم زوانە بکەوێتە کار”.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی گرنگیدان بە ژێرخانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی لەم سێکتەرە جێبەجێ کردووە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر جێبەجێکردنیان.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه‌، پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 132 کەی ڤیی تانجەڕۆ ـ سەیدسادقیش، یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژییانە کە لەلایەن وەزارەتی کارباوە ئەنجام دەدرێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئازاد محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 132 کەی ڤیی تانجەڕۆ ـ سەیدسادق، ڕاگه‌یاند” ڕاکێشانى ئەم هێڵى کارەبایە 56 کیلۆمەترە کە بەسەر 161 تاوەرى هایتێنشندا تێدەپەڕێت و بە گوژمەى 17 ملیار و 200 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.”

ڕوونیشى كردووه‌ته‌وه‌، زۆربەى کەلوپەل و ئامێر و پێداویستییەکانى بەکارهاتوو لەم پڕۆژەیە، ئیسپانى و تورکی و ئێرانی و هیندین، کە سەرجەمیان لەلایەن کەسانى پسپۆڕەوە تێست و هەڵسەنگاندنى زانستییان بۆ کراوە، ئینجا هێنراونەتە کوردستان و بەکار هێنراون، ئەمەش بە مەبەستى بەرزکردنەوەى کوالێتى و درێژبوونى تەمەنى ئەو کەرەستانەی کە بەکار دەهێنرێن، تا بتوانرێت بۆ زۆرترین کات سوودیان لێ وەربگیرێت و پڕۆژەکە تووشى کەموکوڕی نەبێتەوە.

فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیارى تیشكى خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە کە کاریگەییەکى گەورەى لەسەر ناوچەکانى سەیدسادق و شارەزوور دەبێت و تواناى گواستنەوەى 300 مێگاوات کارەباى هەیە بە هەردوو هێڵەکەیەوە، لە سێ قۆناغ پێکهاتووە کە بریتین لە:

قۆناغى یەکەم/ قۆناغى فاوندەیشن (کۆنکرێت).
قۆناغى دووەم/ قۆناغى تاوەربەستن.
قۆناغى سێیەم/ قۆناغى ڕاکێشانى تەل.

پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 132 کەی ڤیی تانجەڕۆ ـ سەیدسادق، کە کارەباى نیشتمانى لە وێستگەی تانجەڕۆ بۆ وێستگەی نوێی سەیدسادق دەگوازێتەوە، سەرەتا چەندین کێشەى ڕووبەڕوو بووەوە، وەک کێشەى زەوی لەلایەن جووتیار و خاوەن زەوییەکانەوە کە ڕێگەیان نەدەدا تاوەرەکانى کارەبا بەنێو زەوییەکانیاندا تێبپەڕێت، بەڵام حکوومەت خەمخۆرانە هاتە سەر خەت و بە شیکردنەوەى گرنگى و ستراتیژیەتیى پڕۆژەکە و سوودەکانى بۆ خودى هاووڵاتییان، ئەم کێشەیەش چارەسەر کرا و ئێستا زیاتر لە 95%ى پڕۆژەکە تەواو بووە و بڕیار وایە بە زووترین کات بکرێتەوە و خەڵکى سەیدسادق بە پلەى یەکەم لێى سوودمەند دەبن و شارەکە ڕووناک دەکرێتەوە.

ئەم پڕۆژەیە کە هاوکاتە لەگەڵ پڕۆژەى دابەشکردنی کارەبای سێ وێستگەیی مۆبایل لە سلێمانی بە گوژمەکەی پێنج ملیار و 82 ملیۆن دینار، کە هۆکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەى بارزۆریى سەر فیدەرەکانی دابه‌شكردنى كاره‌با.

حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەموو هەوڵێکى جددیی خستووەتە گەڕ بە مەبەستى زیادکردنى کارەباى نیشتمانى و ڕێکسختنى کارەبا لە ڕێگەى سیستەمى پریپەید و پێوەرى زیرەک و بەدەر لەمانەش، هەوڵ دەدات سوود لە وزەى خۆر وەربگرێت بۆ بەرهەمھێنانى کارەبا و لەم ڕاستایەدا، بڕیار وایە پڕۆژەی بەرهەمهێنان کارەبا بە وزەی خۆر لەسەر بیناکانى حکوومەت و گەراجی ئۆتۆمبێلەکان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک جێبەجێ بکرێت، کە توانای بەرهەمهێنانی 131 کیلۆوات کارەبایان هەیە.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى حکوومەتى هەرێمی کوردستان ئاشكراى كردووه‌، كه‌ پلانێکى ستراتیژییان داناوە بۆ زیادکردنى بڕى ئەو وزە کارەبایەى ئێستا هەیە کە سێ هەزار و 800 مێگاواتە بۆ حه‌وت هەزار مێگاوات، بۆ ئەوەى تێکڕای پێدانی کاتژمێرەکانى کارەبا زیاتر بکەن، ئەم پڕۆژانە هۆکارن بۆ زیاتربوونى کارەباى نیشتمانى، بۆ نموونە زستانى ئەمساڵ پێدانى کارەباى نیشتمانى بە هاوبەشانى کارەبا بەراورد بە ساڵانى ڕابردوو باشتر بوو، چونکە ڕۆژانە سەرووى 16 کاتژمێر کارەبا بە هاوبەشان دراوە.