ئەمڕۆ 25ی تشرینی یەکەم، هەشت ساڵ بەسەر شەهیدبوونی سێ برای پێشمەرگەی کوردستان تێدەپەڕێت، سێ برای پێشمەرگە بە ناوەکانی (ئەحمەد عوسمان، نەجات عوسمان و مەولوود عوسمان) کە پێکەوە لە سەنگەری بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان و دەستکەوتەکان لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش لە میحوەری زوممار لە یەک ساتدا خوێنی خۆیان بەخشییە نیشتمان و شەهید بوون.
شەهیدبوونی سێ برا لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان لە ساتێکدا، ئاماژەیەکی گەورەبوو بۆ جیهان کە پەروەردەی دایکی کورد بۆ ڕۆڵەکانی، پەروەردەیەکی نیشتمانپەروەرانە و گیانبەخشینە بە نیشتمان.
لە 23ی کانوونی یەکەمی 2014 سەرۆک مەسعود بارزانی وەک سیمبۆلی قوربانیدانی دایک و پەروەردەی ئەو دایکە نیشتمانپەروەرە، نازناوی “دایکی شەهیدان”ی بەخشییە دایکە ئایشە.