ماستەرنامەیەک سەبارەت بە رۆمانی کوردی بڵاوکرایەوە

نووسەر و مامۆستای زانکۆ “بێستوون عارف عەزیز” لە نوێترین بەرهەمی بڵاوکراوەیدا نامەی ماستەرەکەی کە تایبەت بە رۆمانی کوردی چاپ و بڵاو کردەوە. نامەکە لە ژێر ناونیشانی “بابەت و تەکنیکی خواستراو لە رۆمانی کوردیی باشووری کوردستاندا 2000-2012″، کە بە چاپێکی قەشەنگ و لە دوتوێی 414 لاپەڕەدا بە چاپ گەیەنراوە.

رۆمانی کوردی لە دوای ڕاپەڕین گەلێک لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەبارەوە کراوە و ئەمەش نیشانەی پێشکەوتن و بەرەپێشچوونی رۆمانی کوردییە کە بووەتە جێگە سەرنج و نووسەران و توێژەران و ئەکادیمیستانی زانکۆکان. 

نووسەر سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکەی دەڵێت “ئەم کتێبە کارکردنە لەسەر هەڵبژاردەیەک لەو بابەت و تەکنیکانەی کە لە چیرۆک و ڕۆمانی جیهانییدا خراونەتە بەرباس و ڕوانینێکی قووڵ و وردیان بۆ کراوە، رۆماننووسانی کوردیش بۆ دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدانی لایەنی بابەت و پتەوکردنی لایەنی هونەریی رۆمانەکانیان پەنایان بۆ بردوون و سوودیان لێ بینیون.” هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کە “رۆمانە وەرگیراوەکانی ئەم چەند ساڵەی لێکۆڵینەوەکەمان مەبەستییەتی، زیاتر لە قۆناغ و ساڵانی پێشووتری مێژووی رۆمانی کوردی کەوتووەتە ژێر کاریگەری بابەت و تەکنیک و لایەنی هونەری شاکارە جیهانییەکان. 

نووسەر لەپێناو دەستگیرۆیی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانیدا بڕیاری داوە بەشێک لە داهاتی ئەم کتێبە بۆ یارمەتیدانی خوێندکارە کەمدەرامەتەکان تەرخان بکرێت و ئەمەش یەکەمجارە مامۆستایەکی زانکۆ ئەم کارە مرۆییە بکات.

ھەواڵی زیاتر