بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمانی هەرێم لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت، هەروەها لە چەند کاتژمێری داتودا تاوە باران و بروسکەش ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە و لە دهۆک رێژەی بارانبارین لە هەمو ناوچەکانی دیکە زیاتر دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بەرزبونەوەی تۆزیکی سوک کە لە لەناوچەکانی باشوری هەرێم کاریگەری کەمێک زیاتر دەبێ، هەروەها لەناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکوری هەرێم ئەگەری کەمێک تاوەباران و هەورە بروسکە هەیە لەکاتەکانی ئێوارە.
ئەوەش هاتوە، سبەی هەینییش ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری تاوە باران و بروسکە کە سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم (پارێزگای دهۆک) دەست پێ دەکات پاشان زۆربەی ناوچەکانی تری هەرێم دەگرێتەوە بەشێوەی تاوە باران و هەورە بروسکەی پچرپچر.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی دەڵێت، سبەی رێژەی دابارین لەناوچەکانی بادینان زیاتر دەبێت، کاریگەر ئەم ناجێگیریەی کەشوهەواش بۆ رۆژی شەممە بە لاوازی دەمێنێتەوە، هەروەها لەو ماوەیەدا پلەکانی گەرما 4 بۆ 6 پلە نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 27 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 26 پلەى سیلیزى
دهۆک : 25 پلەى سیلیزى
کەرکوک : 29 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : 28 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 26 پلەى سیلیزى
سۆران : 22 پلەى سیلیزى
گەرمیان : 30 پلەى سیلیزی