پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەو کەسانەی بەھۆی بۆردوومانەکانەوە شەھید بوون مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق گوتی، ئەو کەسانەی کە بەھۆی بۆردوومانەکان لە ناوچە سنووریەکانی ھەرێمی کوردستان شەھید بوون لە عێراق بەشەھید ھەژمار دەکرێن، کە ژمارەیان ١٢٩ کەسە.

سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “بڕیاردراوە ھەموو ئەو کەسانەی بەھۆی بۆردوومانی ناوچە سنووریەکانی ھەرێمی کوردستان شەھیدکراون لە عێراق بەشەھید ھەژمار بکرێن و مووچەی شەھیدانەشیان بۆ ببڕێتەوە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ھاوکات لەئێستادا رەزامەندیشی لەسەر دراوە کە بەشەھید ھەژمار بکرێن، بۆیە کراوەتە راسپاردە و تەنھا ماوە دەنگی لەسەر بدرێت و حکوومەت جێبەجێی بکات”.

سەگڤان سندی گوتیشی: “ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی بۆردوومانەکان لەناوچە سنووریەکان شەھید بوون ١٢٩ کەسە، کە ٩ کەسیان عەرەبن و لەسنووری زاخۆ شەھید بوون و ١٢٠ کەسیش کوردن و خەڵکی ھەرێمی کوردستان و لەناوچە سنووریەکانی ھەرێم دەژیان”.

سندی ڕوونیشیکردەوە: “دەمانەوێت بەیاسایی بکرێت ھەژمارکردنیان وەکو شەھید، بۆیە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت و ئەوکات دەبێت حکوومەتیش جێبەجێی بکات”.