ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کرد کە حکومەتەکەی بڕیاریداوە گەمارۆ بخاتە سەر چوار دامەزراوە و 15 بەرپرسی وڵاتانی رۆژئاوایی و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بڕیارەکە رادەگەیەندرێت.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیانەوە بڵاویکردەوە، “ئەوانە کەسانێکن لە پرسی گەمارۆخستنەسەر ئێران و نانەوەی ئاژاوە و توندوتیژییەکانی ئەمدواییانەدا رۆڵیان هەبووە”.
یەکێتی ئەوروپا رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم، گەمارۆی خستەسەر 11 بەرپرس و چوار ناوەندی ئەمنیی ئێران کە دەستیان لە “کوژرانی ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئەمدواییەی ئێراندا هەبووە”.
بە پێی ئەو بڕیارە، ئەگەر ئەو بەرپرسە ئێرانییانە لە ئەوروپا موڵک و ماڵیان هەبێت، دەستیان بەسەردا دەگیرێت و رێگەیان پێنادرێت سەردانی وڵاتانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا بکەن. هاوکات هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆیان نییە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو کەس و دامەزراوانەدا بکەن و هەناردەکردنی هەر جۆرە کەرستەیەک بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و چاودێری بەسەر هۆکارەکانی گواستنەوە و گەیاندن بۆ ئێران، قەدەغەیە.
ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، چەند کاتژمێڕێک دوای راگەیاندنی گەمارۆی نوێی یەکێتی ئەوروپا، دووپاتی کردەوە کە “یەکێتی ئەوروپا هەڵەی کرد و لە هەوڵێکی نابەجێدا، دیسان پەنای بۆ کارێکی کۆن و بێکاریگەری گەمارۆ برد”.
ئەو، دووپاتی کردەوە، بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر بنەمای “کۆمەڵێک زانیاری هەڵە” بووە.
هاوکات ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گەمارۆکانی بە “دوژمنکارانە و بەکارهێنانی پرسی مافی مرۆڤ” وەسف کرد و گوتی: ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو بەرپرس و دامەزراوانەی کە گەمارۆیان خراوەتەسەر، بێبنەمان. وەک وەڵامێک بۆ ئەو کارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە نزیکترین کاتدا گەمارۆ دەخەینە سەر بەرپرس و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئەوروپا”.