تاڤێ برھان، له شاری سلێمانیدا له‌دایك بووه و ئێستا له شاری ھانۆفهری وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ژیێت؛ ئه‌مساڵ قۆناغی دوانزە ته‌واو ده‌كات له‌م قوتابخانهیەدا:
international school Hannover Region SHR
تاڤێ لەبەر به‌ھره و توانستی، ھه‌رزوو جێگه‌ی خۆی له‌نێو خوێندنگه‌كه‌دا كرده‌وه و بووه خۆشه‌ویستی مامۆستا و فێرخوازانی قوتابخانه‌كه. تاڤێ جگه له چالاكیه ھونه‌ریه‌كانی وه‌ک گۆرانی و میوزیك و ناساندن و پیشاندانی كولتووری كوردی، توانیی له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی له كتێبخانه‌ی قوتابخانه‌كه‌یاندا به‌شێك بكاته‌وه بۆ كتێبی كوردی كه تایبه‌ت بوون به كورد و كوردستان و ھونه‌ر و ئه‌ده‌به‌كه‌ی (كتێبه‌كان به زمانی ئینگلیزین)؛ به‌م كاره‌شی ھێنده‌ی تر له‌لایه‌ن ئیداره‌ی قوتابخانه‌كه‌یه‌وه خۆشه‌ویست بوو، ھه‌ربۆیه وه‌ك ڕێزلێنانێک له تاڤێ له سه‌ره‌تای خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠ـەوه ئاڵای كوردستانیان له په‌نای ھه‌موو ئاڵای ئه‌و وڵاتانه‌دا بۆ ھه‌ڵواسی كه قوتابییان له‌و قوتابخانه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌دا ھه‌یه. ئه‌گه‌رچی كوردستان ده‌وڵه‌تی سەربەخۆی نیە، به‌ڵام دڵی تاڤێیان نه‌شكاند و وه‌ك نوێنه‌ری كوردستان به فه‌رمی ئاڵای كوردستانیان له قوتابخانه‌كه‌دا بۆ ھه‌ڵكرد.
تاڤی له ته‌مه‌نی پێنج ساڵانه‌وه گۆرانی ده‌ڵێت و یه‌كه‌م گۆرانییشی سروودی نه‌ورۆز بووه كه له به‌رنامه‌یه‌كی منداڵانی كه‌ناڵی كوردساتدا بڵاو بووه‌تەوە. دوای ئه‌وه‌ش چه‌ندین گۆرانیی بۆ شانۆگه‌ریی منداڵان تۆمار كردووه وه‌ک شانۆی (چی بچێنی ئه‌وه ده‌درویته‌وه). ھه‌روه‌ھا یه‌كه‌م گۆرانییشی به زمانی فه‌ره‌نسی وه‌ك وه‌ک ڕیكلامێك بۆ قوتابخانه فهرهنسیەکەی دانیال مێتران له سلێمانی تۆمار كرد.
تاڤێ له‌پاڵ خوێندنه‌كه‌یدا ڕۆژانی ھه‌ینی له فێرگه‌ی میوزیك له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا ڕاستی كوردی، ئامێری سازی ده‌خوێند. پاشان له پرۆگرامی ( kurdistan kids voice)ـی ته‌له‌فزیۆنی پێلیستانگی شاری ھه‌ولێردا به‌شداریی كرد و توانیی پله‌ی دووه‌می سلێمانی به‌ده‌ست بهێنێت.
تاڤێ، قۆناغی خوێندنی بنه‌ڕه‌تیی به زمانی فه‌ره‌نسی خوێندووە و له چالاكییه ھونه‌ریه‌كانی قوتابخانهكهشیدا به فه‌رەنسی به‌شداریی كردووه؛ هەربۆیە تائێستاش زمان و گۆرانیی فه‌ره‌نسی، كاریگه‌ریی ھه‌یه له‌سه‌ری، ھه‌ر وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: (زمانی فه‌ره‌نسی باش ده‌زانم و ئاگاداری ئه‌ده‌ب و كولتووری گۆرانی فەرهنسییشم؛ ئه‌وان خاوه‌ن كولتوورێكی زۆر ڕه‌نگاوڕه‌نگ و دڵگیر و جوانن؛ بۆیه من ناتوانم ئه‌و كولتووره گه‌وره‌یه فه‌رامۆش بكه‌م).
تاڤێ له كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا ڕوو ده‌كه‌نه وڵاتی ئه‌ڵمانیا و له‌شاری ھانۆڤه‌ر نیشته‌جێ ده‌بن. ئیتر له‌وێ له‌پاڵ خوێندنه‌كه‌یدا ده‌ست ده‌كات به خوێندنی ئامێری پیانۆو ئۆپێراو له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستایه‌كی پسپۆڕ له‌و بواره‌دا گه‌شه به‌خۆی ده‌دات؛ به‌رده‌وام گرنگی به گۆرانیی كوردیش ده‌دات و بهرھهمهكانیشی له كه‌ناڵی یوتوب و توێته‌ر و ئه‌نستگرامی خۆیدا (Tave_official) بڵاو ده‌كاته‌وه؛ ئیتر ناوبه‌ناو گۆرانی و كاره ھونه‌ریه‌كانی به زمانی كوردی و ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی بڵاو ده‌كاته‌وه. تاڤێ له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: له دوای به‌رنامه‌ی كوردستان كیدس زه ڤۆیس، زیاتر له دە به‌رھه‌مم بڵاو كردۆته‌وه؛ ھه‌رچه‌نده من تائێستا له خۆپێگهیاندندام له بواری ئۆپێرا و میوزیك و ده‌نگدا. چه‌ند به‌رھه‌مێكی ترم ئاماده كردووە به‌ڵام تائێستا بڵاوم نه‌كردۆته‌وه؛ ئه‌و به‌رھه‌مانه‌ی كه‌من ده‌یڵێمه‌وه به شێوازی خۆم ده‌یڵێم و گۆڕانكاریی تێدا ده‌كه‌م، به‌رھه‌مه‌كه‌ش خۆم له ماڵه‌وه كاری تێدا ده‌كه‌م و تۆماری ده‌كه‌م).
لێره‌وه چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته تاڤێ كرد له‌و پرسیارانه‌ش:
* به شێوه‌یه‌كی گشتی كێ كۆمه‌ک و هاوكاریت ده‌كات له به‌رهه‌مه‌كانتدا؟
– تاڕاده‌یه‌ك باوكم و مامۆستاكانم كۆمه‌كم ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕاستیەکەی زیاتر پشت به خۆم ئهبەستم و ده‌مه‌وێ خۆم ئه‌زموون بكه‌م؛ گه‌رچی كاره‌كانم تائێستا به ئه‌زموونێكی سه‌ره‌تایییان ده‌زانم؛ خۆی ده‌مه‌وێت له بواری ڕیكۆرد و ده‌نگدا ئه‌زموونێكی باش كه‌ڵه‌كه بكه‌م و شارهزاییەکی باشیش له‌و بواره‌دا به‌ده‌ست بێنم تا له به‌رھه‌مه‌كانی ئاینده‌مدا سوودی ته‌واوی لێ وه‌ربگرم و ڕه‌نگ بداته‌وه.
* تۆ به چ شێوازێك گۆرانی ده‌چڕیت؟
– له ڕاستیدا من ئامانجم ئه‌وه‌یه بتوانم له ڕه‌نگه جیاوازه‌كانی گۆرانیدا خۆم په‌روه‌رده بكه‌م؛ له شێوازه جیاجیاكانی ڕۆژھه‌ڵاته‌وه تا فۆرم و ڕه‌نگه جیاجیاكانی ڕۆژئاوایی، له كلاسیكه‌وه بۆ مۆدێرن، له لاوک و حه‌یران
ن و سیاچه‌مانه‌وه بۆ ئۆپێرا، ده‌مه‌وێت میكسێك بكه‌م له‌نێوان پۆپ و ئوپێرا و لاوک و ھۆره و حه‌یراندا؛ پاشان ڕه‌نگێكی تایبه‌ت به خۆم دروست بكه‌م. ده‌یشبێت ئه‌وه بڵێم ئه‌و به‌رھه‌مانه‌ی من بڵاوم كردوونه‌ته‌وه ھێشتا وه‌ك پرۆڤه و ئه‌زموونی سه‌ره‌تایی خۆم ته‌ماشای ده‌كه‌م نه‌ك وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی پوخت و باڵای هونەری كه ته‌واو گوورابێ و كامڵ بووبێت.
* – با بێینه سه‌ر دواكاری ھونه‌ریت؛ چۆن بوو له پرۆژه و به‌رنامه‌ی OPEN STAGEـی ئۆپیراھاوسی ھانۆفهردا بەشداریت كرد؟
– له ڕاستیدا له‌ڕێی ڕیكلامێكهوە بینیم؛ پاشان چوومه سه‌ر په‌یجه‌كه‌یان و زانیاریی ته‌واوم وه‌رگرت و فۆرمێكی دورودرێژم پڕ كرده‌وه و گۆرانیه‌كانم له ڕێگه‌ی ئه‌نستگرام و تیكتۆک و یوتوب و فه‌یسبوک و توێته‌ر وه‌ك پاشكۆیه‌كی پێوهگرێداو ناردم بۆیان. پاش چه‌ند ھه‌فته‌یه‌ك له ئۆپێراھاوسهوه به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندییان پێوه كردم و داوای دیدارێكی ڕووبه‌ڕوویان كرد و منیش له كات و ڕۆژی دیاریكراودا چووم و گفتوگۆی تێروته‌سه‌لمان كرد و تێستیان كردم؛ ئیتر له‌وێ بوومه جێگه‌ی سه‌رنجی لیژنه‌كه. ئه‌وه بوو زیاتر له 1500 ھه‌زارو پێنسه‌د كه‌س كه فۆرمیان پڕ كردبووەوه، چل كه‌س ھه‌ڵبژێردراین؛ ئه‌م چل كه‌سه پێك ھاتبوون له گروپی جیاجیای وه‌ک گروپی (سه‌ماكار و میوزیك و گۆرانی)، به‌ته‌نها من و كه‌سێكی تر گروپانی نه‌بووین و تاك بووین. ئیتر له‌وێ به‌رنامه‌ی ڕاھێنان و پرۆگرامه‌كه‌یان به‌سه‌ر پێنچ سته‌یجدا دابه‌ش كرد. ھه‌ركه‌سه‌و گروپه 30 خوله‌كی بۆ ته‌رخان كرا،ڕۆژی 25-6-2022 له كاتژمێر 6:30 خوله‌كی ئێواره به‌رنامه‌كه ده‌ستی پێكرد؛ ھه‌ر گروپه و سی خوله‌كی ھه‌بوو بۆ خۆناساندن و پێشكه‌شكردنی كار و به‌رھه‌می خۆی. بینه‌ران و جه‌ماوه‌رێكی زۆر ھاتبوون؛ له دوای چالاكی ھه‌ر گروپه و پشوویه‌كی چه‌ند خولهكەی پێ دەدرا؛ پاشان ڕێنمایی ده‌كران بچنه ته‌ماشای گروپی تر. جێگه‌ی باسه تیپی ئۆركسترای ھه‌رێمی نێدهرزاكسن كه‌زیاتر له پەنجا ژه‌نیار ده‌بوون ئه‌وان ده‌ستپێكی پرۆگرامه‌كه‌یان كرده‌وه؛ پاشان گروپی بالێ و سه‌مای فۆلكلۆری ڕۆژھه‌ڵاتی دوور و سه‌مای مۆدێرن و گروپی پۆپ و ڕۆک و ئۆپێراو ھه‌موو كاری خۆیان پێشكه‌شكرد منیش له سەعات ٨ و ٣٠ خوله‌كی ئێوارهوە پرۆگرامی خۆمم پێشكه‌ش كرد و له‌نێو چه‌پڵه‌ڕێزان و گوڵباراندا خه‌ونه‌كه‌م ھاته دی. من وه‌ك یه‌كه‌م كچه كورد توانیم كولتووری گۆرانیی كوردی به ئامادهبووەکان بناسێنم و بچمه ئۆپێراھاوسهوه، كه ئه‌مه خه‌ونی ھه‌موو گۆرانیبێژ و میوزیسیان و سهماكارێكه خۆی له‌سه‌ر سته‌یجی ئۆپێراھاوسدا ببینێتەوە. جێگه‌ی خۆیه‌تی كه لێره‌دا بڵێم من به‌ته‌نھا گۆرانیی كوردیم نه‌چڕی به‌ڵكو ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و فهرهنسییشم چڕی و پارچه‌یه‌ک ئۆپێراشم پێشكه‌ش كرد. ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه بۆ من و نه‌ته‌وه‌كه‌مان؛ ئه‌مه پردێكه بۆ كاری ئاینده؛ ئیتر ئه‌و شه‌وه كار و چالاكیی گروپه‌كان تا كاتژمێر ١٢ـی شه‌وی خایاند و پاشان له‌گه‌ڵ ھه‌موو گروپ و ھونه‌رمه‌ندانی باشدار په‌یوه‌ندیمان دروست كرد و ئیمێڵ و ژماره‌ی تێلمان گۆڕیه‌وه.
* وێڕای ده‌ستخۆشی و ھێوای سه‌ركه‌وتن بۆت، ده‌کرێ بزانین به‌رنامه‌ی ئاینده‌ت چییه؟
– له ڕاستیدا ده‌مه‌وێ له بواری ده‌نگ و فۆرمه جیاوازه‌كانی گۆرانیدا له زانكۆ بخوێنم؛ ئه‌مه‌ش ده‌رگا گه‌وره و گرانهكهیه كه ده‌بێ بیكه‌مه‌وه و خۆمی بۆ ئاماده بكه‌م.