سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هەولێر، کەرنەڤاڵی شانۆ لە ئامێز دەگرێت

دوای ٢ ساڵ بێدەنگی بەهۆی کۆرۆنا نەگریسەکەوە، ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هونەری شانۆ، بە میوانداری وڵاتانی عەرەبی و جیهانی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٢/١١/٢٠٢٢ ساز دەکات.

لە فیستیڤاڵەکەدا نوێترین بەرهەمی شانۆیی هەولێر نمایش دەکرێت و چوارپارچەی کوردستانیش لە پاڵ وڵاتانی مەغریب و عێراق و وڵاتانی ئەورووپی بەشداری لە فیستیڤاڵەکە دەکەن و حەفتەیەک هەولێر جمەی شانۆێ لێ دێ.

هیوا سوعاد یونس بەڕێوەبەری شانۆی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (هەولێر) دەڵێت: فیستیڤاڵەکەی ئەمساڵ درێژەپێدەری خولەکانی ڕابردووی فیسیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ دەبێت و لە ٣ هۆڵی جیاوازدا لە ماوەی حەفتەیەکدا دەست دەکرێت بە نمایشە شانۆییەکان، کە لە تەواوی جیهان دێنە هەولێر و بەرهەمەکانیان نمایش دەکات.

گوتیشی: لێژنەیەکی پسپۆڕ لە بوارەکەدا دیاری کراوە بۆ هەڵسەنگاندنی نمایشەکان و هەڵبژاردنی باشترینەکان و دەبن بە خاوەنی خەڵاتەکان، جگە لەمەش ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمێکی نوێی شانۆییمان ئامادەیە و لەگەڵ دەستەیەک لە هونەرمەندان سەرگەرمی مەشق و ڕاهێنانین بۆ ئەوەی لەم فیستیڤاڵەدا بۆ یەکەم جار نمایشی بکەین.