سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە سەرووی 90 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ 1653 دۆلار بەرزبووەوە. 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە قەبارەی نەوتی پاشەکەوتکراو لە ئەمریکا دابەزیوە. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 73 سەنت بەرزبووەوە و بە 90 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا یەک دۆلار و 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تێکساس رۆژی رابردوو بە رێژەی 1.7٪ و 3.1٪ دابەزیبوو، دوای ئەوەی کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، قەبارەیەکی زیاتر لە یەدەکی ستراتیژیی ئەمریکا دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە بە بڕی یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل کەمی کردووە، ئەوەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان هەست بە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت بکەن کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ( CMC Market) لەو بارەیەوە رایگەیاند، ” کەمبوونەوەی یەدەکی نەوتی ئەمریکا نیگەرانییەکانی پەیوەست بە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و کەمبوونەوەی خواستی قەرەبووکردووەتەوە و، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرزببێتەوە.”

نرخی زێڕ بەرزبووەوە

سێ رۆژە نرخی زێڕ ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوەیە و ئەمڕۆ چوارشەممەش درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی خۆیدا. هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 1653 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کانزاکانە. بەهای دۆلار لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە بە رێژەی 0.1٪ دابەزیوە و بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

سەرەڕای بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕ لە چەند رۆژی رابردوودا، بەڵام بەرزبوونەوەکان سنووردارن، لەبەرئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا مانگی داهاتوو دووبارە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا کە دواجار نرخی زێڕ دادەبەزێنێت.

نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان: 

100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 650 دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 0.985 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.13 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.58 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 32 هەزار و 850 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 61.73 روبڵی رووسی