ڕائیب جادر – هەولێر
دوای چەند ڕۆژێکی کەم لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە لە لایەن تاقمێکی خیانەتکارەوە خیانەت لە گەل و خاکی کوردستان کرا، دوژمنان و نەیارانی گەلی کورد بە چاوساغی تاقمێک باوەڕیان وابوو بەو ھەوڵە شکستخواردووەیان کەلێنیان لە ڕیزەکانی پێشمەرگە دروست کردووە، ھەر بۆیە ئەوەیان بە دەرفەت زانی کە پەلاماری ھەولێر بدەن و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لەناو ببەن، بەڵام پێشمەرگە گیان بەخشەکانی کوردستان، لە داستانی پردێ وانەیەکیان بە دوژمنان و داگیرکەران و ناحەزانی کوردستان دا، کە باشترە لەوە تێبگەن گەلی کورد لە پێناو ئازادیدا دەمرێت و ژێر دەستەیی داگیرکەر و دوژمن قەبوول ناکات.
ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و چەندین ھێز و تۆپخانەی سوپای پاسداران کە گرووپێکی ناو یەکێتی دەرگاکانی شاری کەرکووکیان بە ڕوودا کردنەوە و پارێزگاکەیان ڕادەست کرد. ڕۆژی ٢٠/١٠/٢٠١٧، پێنج ساڵ لەمەوبەر ھەوڵی پێشڕەوییان بەرەو ناوچەکانی ھەولێر دا، بەڵام ھێزی پێشمەرگە لە شارەدێی پردێ ھێرشە گەورەکەی حەشد و سوپای عێراق و ھاوپەیمانەکانی تێکشکاند.
داستانی پردێ، پاش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ڕۆژێکی مێژوویدا خەبات و فیداکاری و بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەکانی پارتی و بارزانی لە شەڕ و داستانێکی کەم وێنەدا کە شەڕی مان و نەمان بوو ھاوشێوەی داستانەکانی تری مێژووی پڕ سەروەری پارتی، کە بەدرێژایی مێژوو لەسەر دەستی پێشمەرگەکانی پارتی و بارزانی تۆمار کراون، شەڕی پردێ بووە ڕۆژ و داستانی گەڕاندنەوەی شکۆمەندی خەڵکی کوردستان، کە تێیدا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە چەکی قورسەوە لە ھەموو لایەکەوە ھەوڵی ھاتنە ناوەوەی خاکی کوردستانیان دەدا، بەڵام پێشمەرگە قارمانەکانی کوردستان بە سەرکردایەتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی توانیان سەرکەوتنێکی بێوێنە تۆمار بکەن و دەبابەی ئەبرامزی ئەمریکی تێک بشکێنن، بەمەش ھێزی پێشمەرگەی کوردستان داستانێکی گەورەی تۆمار کرد، داستانی پردێ سنوورێکی دانا بۆ نەیارانی کورد و خۆفرۆشان، ئەوەش بووە ھەوێنی سەرکەوتنی گەورەتر لە ناوچەکانی مەحموودییە، سحێلا، مەخموور و دەوروبەری، چونکە ئامانج لە پێشڕەویکردنی حەشدی شەعبی، بچووککردنەوەی خاکی کوردستان و لە کارخستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بوو.
فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان چەندین جار ئاماژەیان بەوە دابوو، کە حکوومەتی عێراق ھەموو ئەو ھێزانەی بەناوی کۆنتڕۆڵکردنی حەویجە و ناوچە فراوانەکانی دەوروبەری کۆ کردبووەوە، بێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرگرییەکی ئەوتۆ ببنەوە لە ١٦ـی ئۆکتۆبەردا کەرکووکیان ڕادەست کرا، ھەر ئەوکاتەی ھاتنە ناو شارەکە، ئاراس شێخ جەنگی، کە وەک گوتەبێژی گرووپی ١٦ـی ئۆکتۆبەر دەردەکەوت گووتی:” فیرقەی مودەڕەعە بەرەو پردێ و ھەولێر دەڕۆن، ئەوەش دەری خست پیلانێکی گشتگیرتر دژی ھەرێمی کوردستان داڕێژراوە و ھێزەکانی حەشد و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و ئەو ھێزانەی پاڵپشتیان دەکردن نایانەوێت لە ھێڵێکدا بوەستن و چاویان بڕیوەتە داگیرکردنی ھەموو خاکی کوردستان.
شەڕە گەورەکە ڕۆژی ٢٠ـی ئۆکتۆبەر دەستی پێ کرد، گورزە گەورەکەش ئەو ڕۆژە بەر حەشد و سوپا و ھێزەکانی دیکە کەوت و تێک شکێنران، تەنانەت لەو داستانەدا تانکی بەھێزی ئەبرامزی ئەمەریکی کە بۆ شەڕی داعش و گرووپە توندڕەوەکان درابووە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، دژی پێشمەرگە بەکار ھێنرا، بەڵام تانکەکە لەسەر دەستی پێشمەرگە لە پردێ تێک شکێنراو دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیھانی بەدوای خۆیدا ھێنا.
لە پردێ پێشمەرگەکان بەدەم گۆرانی گوتنەوە بەرەنگاری لەشکرە بێژمارەکەی عێراق و ھاوپەیمانەکانی بوونەوە، ئەوەش بووە ھەوێنی سەرکەوتنی گەورەتر لە ناوچەکانی مەحموودییە و سحێلا و ناوچەکانی مەخموور و دەوروبەری.
ئەوانەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتیان کرد و کەرکووکیان ڕادەست کرد، لە ٢٠ی ئۆکتۆبەر وەڵامێکیان درایەوە کە بۆ تاھەتایە باسی بکەن، ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ڕەش ھەژمار دەکرێت، چونکە لەم ڕۆژەدا پێشمەرگە گریا، سەدان خێزان ئاوارە بوون، دایکی کوردان لە دواوەی ئۆتۆمبێلەکان بۆ کەرکووک و پێشمەرگە دەگریان، بۆیە ئەوانەی خیانەتیان کرد ڕووڕەش بوونە لە بەرانبەر میللەتی کورد.
وەک ھەندێک فەرماندەکانی پێشمەرگە کە لە داستانەکەدا بەشدار بوون بە “ھەولێر”ـیان گوت:” دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و بە دەستەوەدانی کەرکووک و زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە لایەن گروپی خیانەتکار، میلیشیاکان ھەوڵیان دا پێشڕەوی بکەن و ھەرێمی کوردستانیش داگیر بکەن، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە لە پردێ، سحێلا، مەخموور و مەحمودییە، ڕووبەڕووی داگیرکەران بوونەوە و شکستیان بە ھێرشەکانیان ھێنا.
مقەدەم سەردار ئەشقی، کە یەکێک لە فەرماندە بەشدارەکانی ئەو داستانە بوو، بە “ھەولێر”ـی گوت: “ھێزی زۆر و چەکی پێشکەوتوو نەیتوانی سەنگەری پێشمەرگە ببڕێت و جیھانی بە ئاگا ھێنا، بۆیە کاتێک حەشدی شەعبی ھێرشی کرد بە چەکی قورسەوە وایانزانی کە ئێمە سەنگەرەکان جێ دەھێڵین، بەڵام وەک ھەمیشە ئێمە بەڵێنمان دابوو کە تا دوا ھەناسە شەڕ بکەین، بۆیە ئێمە وەک پێشمەرگە شانازی بە خۆمانەوە دەکەین کە توانیمان گەوەترین ھێز و پێشکەوتووترین چەک بشکێنین، ھەروەھا شکست بەو پیلانە بێنین کە دەیانویست لە شکۆی ھەرێمی کوردستان بدەن، بۆیە ھێزەکانی حەشد و عێراقییەکان گەیشتنە ئەو بڕوایە کە ناتوانن بەرەنگاری ھێزی پێشمەرگە ببنەوە.
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە، دەشڵێ: “سەرۆک بارزانی بڕیاری دا شەڕی مان و نەمان بکەین و ھەر ئەو ڕۆژە لووتی دوژمن شکێندرا و نەمانھێشت کوردستان بکەوێتە دەستی دوژمن، ھەموو کاتێک ھێزی پێشمەرگە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، دەبێت دوژمن و ناحەزانی کورد بەخۆیاندا بچنەوە، چونکە پێشمەرگە ھەموو کاتێک ئامادەیە بۆ پێشکەوتن و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش لە وڵاتەکەی خۆیاندا”.