سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆکی حکوومەت: رێككه‌وتنێك بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق هه‌یه‌ 

كه‌مێك پێش ئێستا له‌هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ده‌ستی پێكرد .
له‌ده‌ستپێكدا مه‌سرور بارزانی له‌چه‌ند په‌یامێكدا له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ قسه‌ی كرد و رایگه‌یاند: ده‌مانه‌وێت هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وڵاتان به‌هێزتر بكه‌ین. 
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق رایگه‌یاند: پێویسته‌ ڕێز له‌ده‌ستوور بگیرێت، چاوه‌ڕی ده‌كه‌ین حكوومه‌تی نوێی عێراق پابه‌ند بێت به‌ده‌ستوور، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرن،  پێویسته‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق یه‌كه‌ی هاوبه‌شمان هه‌بێت و  پێویستیشه‌ له‌گه‌ل به‌غدا ئاسایشی ناوچه‌كه‌ پپارێزیین.
مه‌سرور بارزانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، رێككه‌وتنێك بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق هه‌یه‌، هیواداریشم به‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار ده‌رگاكان بكرێنه‌وه‌. 
مه‌سرور بارزانی، له‌باره‌ی دوا قۆناغه‌كانی چاكسازی له‌نێو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، به‌ کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان له‌هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند: پڕۆسه‌ی چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و پێش چووه‌.