رۆژی سێشەممە نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکای ئاسیا بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 39 سەنت بەرزبووەوە بە 92 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 46 سەنت بەرزبووە و بە 85 دۆلار و 90 سەنتە.
بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوت لەبەر نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا سنووردار بوو، بەوپێیەی بازرگانان پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان مانگی داهاتوو سوودی بانکی زیاتر لە ئاستی ئێستا بەرزبکاتەوە.
نرخی نەوت هەروەها پاڵپشتی وەرگرت لە دابەزینی بەهای دۆلار دوای ئەوەی بەهای پاوەند بەرزبووەوە و بووە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار بە رێژەی 0.82٪.
جێرێمی هانت، وەزیری دارایی بەریتانیا پاشگەزبووەوە لە زۆربەی پلانە ئابوورییەکانی وەزیرەکەی پێشووتر کە سیاسەتەکانی کەمکردنەوەی باجی ناوبراو بووە هۆکار بۆ داڕمانی بەهای پاوەند.
هەروەها چاوەڕوانییەکان بۆئەوەی شی جین پینگ، سەرۆکی چین بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی چین بە چەشنێک کە نەکەوێتە سستیی ئابوورییەوە هیوایەکی دروستکردووە کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن دووەم گەورە ئابووریی جیهان بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.
ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1650 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
نرخی زێڕ لە نزیک خاڵێکی گرینگی بەرگری مامەڵەی پێوەکرا کە ئاستی 1650 دۆلارە.
بەراورد بە رۆژی دووشەممە، ئەمڕۆ سێشەممە 18-10-2022، نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1650 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، هۆکارەکەشی بۆ دابەزینی رێژەیی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە دەگەڕێتەوە.
ئەم هەفتەیە وەرزی راگەیاندنی قازانجی کۆمپانیاکانە و بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا لەبەر پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی قازانجی کۆمپانیاکان بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا بووە هۆکار بۆئەوەی وەبەرهێنەران روو لە کڕینی پشکەکان بکەن و کەمتر پەنا ببەنە بەر کڕینی دۆلار، بەو هۆیەشەوە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
هەرچەندە ئەمڕۆ نرخی زێڕ توانیویەتی خۆی لە ئاستی 1650 دۆلار رابگرێت، بەڵام ئاسۆی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بووەتە هۆکار بۆئەوەی بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕ سنوورداربن.
نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 950 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.985 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.13 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.58 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 32 هەزار و 870 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 64.13 روبڵی رووسی