ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

تاقە بەهەشتێک ئەگەر هەبێت، ئەو بەهەشتەیە لەکیسمان چووە
تازەگـــەری لە ڕۆمانـــدا لە (1922)ەوە دەســـت پێ دەکات، ئاخر لەو ســـاڵەدا ســـێ ڕۆمان بڵاو بوونەوە کە ڕێســـاکانی گەمەکەیـــان گۆڕی. ڕۆمانەکان: (یولیســـیس)ی جیمس جۆیس، (ژوورەکەی یاکۆب)ی ڤێرجینیا ۆڵف و (گەڕان لەدووی زەمەنی زایەبوو)ی مارســـیل پروســـت بـــوون. گەڕان لەدووی زەمەنی زایەبوو کە بە حەوت بەرگ لە نێوان ســـاڵانی 191٣ و 1927دا بڵاو بووەتەوە، نزیکەی پێنج هەزار لاپەڕەیەک دەبێت. مارسیل پروست (1871 – 1922) کە بە نووسینی کورتەچیرۆک دەست پێ دەکات، دواتر درێژترین ڕۆمانی دەنووسێت، ڕۆمانێک لەلایەن ڕەخنەگرانەوە، پێشـــوازییەکی گەرمی لێ دەکرێت، ڕۆمانێک هەر دەڵێیت بۆ بژاردە نووسراوە و
مەگەر بەدەگمەن خوێنەرێکی ئاسایی خۆی لە قەرەی دابێت. کە ڤێرجینیا ۆڵف بەرگی یەکەمی دەخوێنێتەوە، دەڵێت: (بریا لە توانامدا هەبووایە، وا جوان بنووســـم.) ڕۆماننووســـی ئەمریکایی ئەدموند وایت (1940 – ) لەبارەیەوە گوتوویەتی: (هیچ ڕۆمانێکی سەدەی بیستەم، هێندەی ڕۆمانەکەی پروست جێگەی ڕێز نییە.) (ڕۆجەر شاتەک)ی (192٣ – 2005) ڕەخنەگریش لەبارەیەوە دەڵێت: (مەزنترین ڕۆمانی سەدەی بیستەمە.) دابڕان لەنێوان ڕۆمانی ســـەدەی نۆزدە و بیستدا، بە گەڕان لەدووی زەمەنی زایەبوودا دێتە ئاراوە، کە شـــاکارێکە چێژبەخش و دەوڵەمەند و قووڵ، شـــآکارێکە خوێنەر سەرسام دەکات و لەبەردەم هیچوپووچی دونیادا، سەرقاڵی گەڕانە لەدووی خود و مانای خۆشەویستی. گەڕان لەدووی زەمەنی زایەبوو ژیاننامەی ئینســـان دەگێڕێتـــەوە، گێڕانەوەیەک چیرۆکخوان و نووســـەر تێیدا هاوبەشن و هەر چیرۆکە و لەناو چیرۆکەوە پەیدا دەبێت، چیرۆکگەلێک خوێنەر بە دەســـتیانەوە ماندوو دەبێت، بەبێ ئەوەی هەســـت بە نائومێدی بکات. ڕۆمانەکە کە بەسەر گەلێک بواردا کراوەیە و ســـەفەرێکە نە سەرەتای هەیە، نە کۆتایی، ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە کە تێیدا (درایفوس) بە ناپاکی تۆمەتبار دەکرێت و تا ئەو سەروەختە دەڕوات کە دونیا بەرەو ڕووی شۆکی دووەمین جەنگی جیهانگرەوە دەبێتەوە. نووســـین لای پروســـت، گەڕانە بەدوای خوددا لـــە بەرانبەر ئەوانی دیکەدا، ســـەرچڵییەکانی کەسێکە هەر لە منداڵییەوە بەدوای بەختەوەریدا وێڵە کە نە لەناو خێزاندا دەیبینێتەوە، نە لە خۆشەویستیدا. پروست بەختەوەری لە هونەری گێڕانەوەدا دەدۆزێتەوە، ئەوە بۆیە شەو و ڕۆژی سێزدە ساڵی تەمەنی، بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی تەرخان دەکات. گەڕان لەدووی زەمەنی زایەبوو، زادەی ئەزموونی نووســـەرەکەیەتی و تێیدا پێمان دەڵێت: زەمەن (سەروەر)ی ئینسانە و ژیان بێجگە لە وەهم و لە زەمەنێکی زایەبوو، هیچی دیکە نییە. کتێبی: (ڕەخنەی هونەری)ی جۆن ڕاسکین، ڕۆڵێکی کاربڕ لە ژیانی مارسیل پروستدا دەبینێت و ڕوانینی بۆ ژیان و بۆ ئەدەب دەگۆڕێت. وەک چۆن تۆلستۆی (1828 – 1910) لە (جەنگ و ئاشتی)دا و دەستۆیڤسکی (1821 – 1881) لە (برایانی کارامازۆڤ)دا باسیان لەبارەی ئەدەب و هونەر و فەلســـەفەوە کردووە، (پروســـت)یش لە (گەڕان لەدووی زەمەنی زایەبوو)دا، ئاوڕی لەو بوارانە داوەتەوە. پرۆســـت پێی وابوو، نەوەکانـــی داهاتوو داهێنانی مەزن تۆمار دەکەن و دەیگوت: داهێنانی باڵا لە بۆشایییەوە پەیدا نابێت، درێژەدانە بە داهێنانەکانی پێش خۆی.
(*) ندی حطیط، في البحث عن الزمن المفقود

ھەواڵی زیاتر