یانه‌ی هه‌ولێر دووه‌م یاری له ده‌ستپێكی وه‌رزی نوێی خولی نایابی عێراق دۆڕاند، ئه‌مجاره شكسته‌كه له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیدا بوو، گۆڵپارێزه‌كه‌شی نه‌بووا به ئه‌نجامێكی زۆر قورس‌تر ده‌دۆڕا.
رۆژی شەممە، له گه‌ڕی دووه‌می خولی نایابی عێراق، یانه‌ی هه‌ولێر له‌سه‌ر یاریگه و له به‌رده‌م جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدا شكستی هێنا و به ئه‌نجامی 0-1 گۆڵ به یانه‌ی كاره‌با دۆڕا. ئه‌مه‌ش دووه‌م شكستی یانه‌ی هه‌ولێر له دووه‌م یاریی ئه‌م وه‌رزه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕی رابردووش به یانه‌ی كه‌ربه‌لا دۆڕا.
تیپێكی شێواو و بێ ته‌ركیز
له یارییه‌كه‌دا، ناوەڕاستی ون بوو ئاماده‌یان نەبوو، تا خوله‌كی 30 هه‌ولێر هیچ مه‌ترسییه‌كی بۆ سه‌ر گۆڵی كاره‌با نه‌بوو، جێی سه‌رنج بوو تیپێك كۆمه‌ڵێك یاریزانی باش و پیشه‌گه‌ری هێناوه، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌یت هێشته ئاماده نییه و پێویستی به ئاماده‌كاریی زیاتر هه‌یه، له كاتێكدا دوو مانگ خۆی ئاماده كردووه.
ئه‌وه‌ی له‌م گێمه‌دا باش بوو، هێڵی به‌رگری بوو، هه‌رچه‌نده هیچ بنیادێكی هێرش دروستكردنیان نه‌بوو، ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سه‌ره‌كی بوو، نه‌بوونی پێوه‌ستبوونی ناوه‌ڕاست و هێرشبردنی تیپه‌كه بوو، ئه‌مه‌ش ببووه هۆی زیادنه‌بوونی یاریزانانی هه‌ولێر له ناوچه‌ی سزای تیپی به‌رانبه‌ر، له كاتێكدا یانه‌ی كاره‌باش به چڕی به‌رگری نه‌كرد و به ئاسانی و به بڕوایه‌كی زۆره‌وه پاسیان ده‌گواسته‌وه.
له خوله‌كی 39 یه‌كه‌م هه‌لی گۆڵكردن بۆ هه‌ولێر ره‌خسا، به‌ڵام له ده‌ستیان دا، له‌ولاوه‌ش جه‌ماوه‌ر زۆر به ساردی و كزی به‌سه‌ر په‌یژه‌كانه‌وه بوون، له بری هاندانی گه‌رموگوڕ، وه‌ك بینه‌رێك به دیاره خراپیی ئاستی هه‌ولێره‌وه دانیشتبوون.
له خوله‌كی 45دا سه‌فین مه‌نسووڕ، تۆپێكی له ستوونی یانه‌ی كاره‌با دا، به‌ڵام تا ئه‌و كاته له یارییه‌كه‌دا دیار نه‌بوو، له كاتێكدا درێسی ژماره 10 ده‌پۆشێت.
گێمی دووه‌م و خراپترین ئاست
له كاتێكدا هانده‌ران و ئاماده‌بووانی یارییه‌كه چاوه‌ڕێبوون گێمی دووه‌م هه‌ولێر ئاست و ئه‌نجامی بگۆڕێت، كه‌چی به پێچه‌وانه‌وه بوو، له خوله‌كی 51 له هه‌ڵه‌یه‌كدا په‌ناڵتییه‌ك بۆ كاره‌با هه‌ژمار كرا، به‌ڵام سیدریك جۆگۆی یاریزانی پیشه‌گه‌ر نه‌یتوانی گۆڵ بكات و (حوسێن جولی)ـی گۆڵپارێزی هه‌ولێر دووری خسته‌وه. كه‌متر له خوله‌ك دواتر، حوسێن تۆپێكی تری مه‌ترسیداری كاره‌بای دوورخسته‌وه و خه‌ریك بوو گۆڵێك بكه‌ن.
هه‌ولێر له بری كاردانه‌وه‌ی خێرای له رزگاركردنی په‌ناڵتییه‌كه، كه‌چی خراپتر بوون، راهێنه‌ریش ئه‌مجه‌د رازی و ره‌وا یوسفی هێنایه یاریگه بۆ گۆڕینی ریتم و هێرشه‌كان، به‌ڵام هه‌ر بێ سوود بوو، له به‌رانبه‌ردا كاره‌با، كه كۆنتڕۆڵی ناوه‌ڕاستی یاریگه‌ی كردبوو، زۆر به ئارامی و ئاسانی تۆپیان ده‌گواسته‌وه و هێرشیان دروست كرد، له خوله‌كی 75 حوسێن جولی (پاڵه‌وانی یارییه‌كه بوو)، جارێكی تر تۆڕی هه‌ولێری له هێرشێكی كاره‌با پاراست، به‌ڵام له خوله‌كی 82دا ئه‌ویش خۆی به ده‌سته‌وه دا و ستیڤن بافۆر دوای هاتنه ناوه‌وه‌ی بۆ نێو یاریگه گۆڵێكی بۆ كاره‌با تۆمار كرد و بواری ئه‌وه‌ی نه‌هێشت هه‌ولێر ئه‌نجامه‌كه‌ش راست بكاته‌وه، هیچ هیوایه‌ك نەبوو هه‌ولێر به‌م ئاسته خراپه بتوانێت شتێك بكات، سه‌ره‌ڕای هاتنی ئه‌حمه‌د سه‌رتیپش، به‌ڵام تۆپی بێ سه‌رنج و ته‌ركیزی یاریزانان و هێرشه بێسه‌روبه‌ره‌كانی هه‌ولێر، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ مه‌ترسییه‌كیان هه‌بێ، به‌رده‌وام بوو، تا ئه‌و كاته‌ی ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه‌ی به شكستی هه‌ولێر به 0-1 گۆڵ لێدا.
لوئه‌ی سه‌ڵاحی راهێنه‌ری كاره‌با و ستافه‌كه‌ی و یاریزانانی تیپه‌كه‌ی، به چه‌پڵه‌رێزانی جه‌ماوه‌ری هه‌ولێر یاریگه‌یان جێ هێشت، نزار مه‌حرووسی راهێنه‌ری هه‌ولێریش هه‌ر زوو خۆی له چاوی میدیاكاران ون كرد.
یانه‌ی هه‌ولێر تاكه یانه‌ی كوردستانییه له‌م وه‌رزه هیچ یارییه‌كی نه‌بردووه‌ته‌وه و هیچ خاڵێكی به‌ده‌ستنه‌هێناوه، له كاتێكدا دهۆك 4 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه و یانه‌كانی زاخۆ و نه‌ورۆزیش هه‌ریه‌كه‌یان 3 خاڵیان ده‌ستخستووه.