سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستاندا زۆرترین كارت به‌ڕووی یاریزاناندا به‌رز كرایه‌وه

گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستان وەرزی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، لە دەسپێکی خولەکە یانەی هەندرێن، گەورەترین سەرکەوتنی گەڕی یەکەمی تۆمار کرد و بە چوار گۆڵ لەیانەی سۆرانی بردەوە، برایەتی پاڵەوانی جامی سوپەری کوردستانیش لەیەکەم یاری خۆیدا لەگەڵ دەربەندیخان دۆڕا، یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و دهۆک و زاخۆیش بە بردنەوە دەستیان پێکرد، ڕۆژنامەی هەولێر هەموو وەرزێک هەفتانە ئامار و زانیارییەکانی خولەکە بڵاو دەکاتەوە.

هەندرێن پێشەنگی یانەکانی گرتووە

ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ڕابردوو یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەچوون و لە یەکەم گەڕی یارییەکانیشدا، یانەی هەندرێنی خاوەنی پلەی دووەمی وەرزی ڕابردووی خولەکە لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی سۆرانی کرد و بە چوار گۆڵی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردەوە و پلەی یەکەمی ڕیزبەندی یانەکانی گرتووە، پێشمەرگەی هەولێر لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری ئاکرێی کرد و بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە، یانەی دهۆکیش بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لەیانەی شێروانەی بردەوە، یانە گەرمیانیەکە لەو یاریەدا لێدانی سزایان لەدەستدا، لەشارەزوور یانەی سەیدسادق میوانداری یانەی زاخۆی کرد و بە پێچەوانەی پێشبینیەکان یانەی زاخۆ لەیارییەکەدا براوە بوو بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردەوە، یانەی دەربەندیخانیش لەیەکەم یاریدا لەژێر سەرپەرشتی راهێنەر هەرێم کەلاری بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لەیانەی برایەتی بردەوە، لەیارییەکی تردا هەردوو یانەی ئارارات و چوارقوڕنە بە گۆڵێک یەکسان بوون، لەشارۆچکەی چەمچەماڵیش هەردوو یانەی چەمچەماڵ و شەقڵاوە بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، یانەی سیروانی نوێی پاڵەوانی خولەکەیش لەیەکەم گەڕدا چاوەڕوان بوو یاری نەکرد.

ئامارەکانی گەڕی یەکەم

لەیەکەم گەڕی یارییەکاندا سێزدە گۆڵ تۆمار کران، ڕێژەی گۆڵ بۆ هەریارییەک ١،٨ گۆڵە، ئەحمەد کەریم یاریزانی یانەی دهۆک یەکەم گۆڵی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستانی لە تۆڕی یانەی شێروانە تۆمار کرد، یاریزانی یانەی ئارارات ئیسماعیل یاسین خێراترین گۆڵی ئەم وەرزەی تۆمار کرد و لەچرکەی ٤٥ گۆڵی لەیانەی چوارقوڕنە تۆمار کرد، لەکۆێ ٧ یاریی ئەم گەڕەدا ٣ لێدانی سزا هەژمار کران، لەیەکەم گەڕدا ٣٢ کارتی زەرد و یەک کارتی سور بەڕووی یاریزانان بەرزکرایەوە، ئەمەیش ڕێژەیەکی زۆرە، ڕێژەی کارتی زۆرد بۆ هەر یارییەک چوار کارتی زەردە، ئەحمەد فازڵ یاریزانی یانەی چەمچەماڵ یەکەم کارتی سوری ئەم وەرزەی خولەکەی بەڕودا بەرزکرایەوە.

ڕیزبەندی یانەکانی خولەکە:

١- هەندرێن ٣ خاڵ

٢- دەربەندیخان ٣ خاڵ

٣- پێشمەرگەی هەولێر ٣ خاڵ

٤- دهۆک ٣ خاڵ

٥- زاخۆ ٣ خاڵ

٦- چوارقوڕني ١ خاڵ

٧- ئارارات ١ خاڵ

٨- شەقڵاوە ١ خاڵ

٩- چەمچەماڵ ١ خاڵ

١٠- ئاکرێ ١ خاڵ

١١- شێروانە سفر خاڵ

١٢- سەیدسادق سفر خاڵ

١٣- برایەتی سفر خاڵ

١٤- سۆران سفر خاڵ

١٥- سیروانی نوێ سفر خاڵ

خشتەی یارییەکانی گەڕی دووەم

چوارشەممە ١٩/١٠/٢٠٢٢

شێروانە – هەندرێن یاریگەی شێروانە

سیروانی نوێ – دهۆک یاریگەی ئاشتی

چوارقوڕنە – چەمچەماڵ یاریگەی کۆیە

ئاکرێ – ئارارات یاریگەی ئاکرێ

پێنجشەممە ٢٠/١٠/٢٠٢٢

برایەتی– سەیدسادق یاریگەی برایەتی

سۆران – دەربەندیخان یاریگەی سۆران

زاخۆ – پێشمەرگەی هەولێر یاریگەی زاخۆ

شەقڵاوە چاوەڕوانە