خانمە ئەکتەری بەئەزموون و بەناوبانگ “بەیان زەریفی” ماوەیەکی زۆرە لە کارە هونەرییەکاندا دیار نییە و لە میدیاکانیشدا دەرناکەوێ، ڕۆژنامەی “هەولێر” لەم دیدارە تایبەتییەیدا وەڵامی تەواوی ئەم پرسیارانەی لێ وەردەگرێ.
٭ پێم خۆشە سەرەتا باسێک لەوە بکەیت ماوەیەکی زۆرە لە نێوەندە هونەرییەکەدا ونی، هۆکاری ئەمە چییە و بۆچی دەتەوێ کەمتر دەرکەویت؟
ـ ھۆکاری دەرنەکەوتنم، یەکەم خوێندنم لە زانکۆ، کۆلێژی ھونەر بەشی فیلمسازی چوار ساڵ، دووەمیش لە دوای دەرچونم لە زانکۆ باری تەندروستیم رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچوو تا ساڵی 2021 تووشی دوو نەشتەرگەری بووم نەمتوانی کار بکەم، شەش مانگە کەمێک باشتر بوم، کاری باش ھەبێت بۆ نا، کاری خۆم دەکەم، بەڵام کارێکی باش نەھاتووەتە بەردەمم تا کار بکەم، ئەمەیش ھۆکارەکەیە.
٭ لەم قۆناغەی ئێستادا ژمارەیەکی زۆر ئەکتەری ژنمان بەرچاو دەکەون، بە دروستی ئەو چەند ئەکتەرەی کۆن لەناو ژنان چۆن بەراورد دەکەی لەگەڵ ئەوانەی ئێستا بە گشتی؟
ـ بەڕای زۆر کەسی ئەم سەردەمە ئەکتەری ژنی جاران تەمەنیان تەواو بووە بۆ نواندن، شیاو نین کارئەکتەری ئەو تەمەنەی تیا نییە لەو کارەدا چ فیلم بێت یا شانۆ یا دراما بێت، ئەمەم لە زۆرێک لە دەرھێنەرەکان بیستووە، بەداخەوە سینارێوی ئێستا ھەمووی گەنجە بە تایبەت ئەکتەری ژن، من رێزم ھەیە بۆ گەنجەکان بەتایبەت ژنەکان کچەکان کەسی منن، من زۆر ھیوام پێیانە، بەڵام ھەوڵ بدەن زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و بخوێننەوە، تا ئاستی ڕۆشنبیری و توانا و ئاستی ھونەریتان بەرز بکەنەوە پاشان کولتوور و کۆمەڵگەی کوردی لەبیر نەکرێت و کوردبوونی خۆتان لە بیر نەکەن، تا بینەر لە خۆمان دوور نەخەینەوە.
٭ بۆچی تا ئێستایش لە کوردستان بە شێویەکی گشتی ئەکتەرەکان پسپۆڕییەکی تایبەتی خۆیان نییە و لە “شانۆ و سینەما و دراما” کار دەکەن، زیاتر مەبەستم نواندنە؟
ـ زۆر لە ئەکتەرەکانی پێشوو پسپۆڕییشیان نەبووە و بەناوبانگترین ھونەرمەندن لە ناو کایەکەدا، ھەندێکیان تا ئێستایش بەردەوامن. خۆ ئەگەر پسپۆڕییەکی باش و بنەمایەکی پتەوی ھەبێت بێگومان باشترە.
٭ ئەوەندەی ئاگەدار بم هیچ کارێکی نوێت لە بەردەستدا نییە و لەگەڵ ستافی پێشووشت کارت نییە، دەتوانین بزانین هۆکاری ئەمە چییە؟
ـ لە پرسیاری یەکەم ھۆکارەکەم باس کرد، ھۆکاری کارنەکردنم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئێستا کاری باش نەکراوە، ھیوادارم سیناریۆ و دەرھێنەری باشمان ھەبێت تا بە کاری باش و بەھێز بێینەوە بەردەم بینەرەکانمان.