تۆپبارانەکانی ئێران هەڕەمەکین و زیان بە خەڵکی مەدەنی دەگەیەنن


یەک مانگە لە ئێران خۆپێشاندانە و حکوومەتی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە و نەیویستووە گوێ لە داوای خۆپێشاندەران بگرێ و بەردەوام هۆكارەكانی خستووەتە ئەستۆی لایەنی دەرەكی. حکوومەتی ئەو وڵاتە لە جیاتی ئەوەی لە ناوخۆ بەدوای چارەسەری کێشەکانیدا بگەڕێت لە دەرەوەی سنوور لە بیانووی جیاواز دەگەڕێت و هەرێمی کوردستان بە ئاڵۆزییەکانی ناوخۆ تۆمەتبار دەکات لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دراوسێیەتی و دۆستایەتی و بنەما دیپلۆماسییەکان لە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بەردەوامە.

لە ماوی هەفتەکانی ڕابردوودا بە بێ هیچ پاساوێکی لۆجیکی، کۆماری ئیسلامیی ئێران سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردووە و بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ڕەز و باخ و کوێستانەکانی هەرێمی کوردستان و جگە لە چۆڵکرانی دەیان گوند ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵدران و کاسبکاران لەو کوێستانانە دوور کەوتوونەتەوە کە مەترسیی تۆپبارانیان لەسەر بووە.
تۆپبارانی ئەم جارەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دەستی پێ کرد، کە خۆپێشاندان لە شارەکانی ئێران سەریان هەڵدا و خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر مردنی کچێکی گەنجی کورد لە تاران ڕژانە سەر شەقامەکان. خۆپێشاندانەکان درێژەیان هەیە و تایبەت نییە بە بەشێکی ئێران و وەک لە میدیا باوەڕپێکراوەکانی جیهان بڵاو دەکرێتەوە، تەواوی ئێرانی گرتۆتەوە.
کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو دوای ئەوەی خۆپێشاندانەکان لە ئێران پەرەیان سەند سوپای پاسدران لە نزیک سنوورەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هێزی جووڵاند و چەندین تۆپخانەی جێگیر کرد، سەرەڕای ئەوەی چەند ڕۆژێکە هێرشی تۆپخانەکان وەستاون بەڵام بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ کوێستانەکانی تۆپباران کرد و زیانێکی زۆری بە جووتیاران و ئاژەڵدارانی سنووری برادۆست و سیدەکان گەیاند. ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان چەندین جار بە فەرمی ڕەتی کردووەتەوە تەنانەت هیچ بارەگایەکی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەکەیان هەبێت و گوتوویەتی تۆپبارانەکانی ئێران هەڕەمەکین و تەنیا زیان بە خەڵکی مەدەنی دەگەیەنن.
ئەوان بەوەش نەوەستان و تەنانەت لە ٢٨ی ئەیلوولی ڕابردوو بە مووشەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانیان لە کۆیە، زڕگوێزی سلێمانی و شێراوە کردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە پەنابەران و ئەندامانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەست دا و دەیان کەسیش بریندار بوون کە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەبوون.
بەرپرسان و فەرماندەکانی باڵای کۆماری ئیسلامی، بەردەوام هەڕەشەیان لە هەرێمی کورستان کردووە و تۆمەتباریان کردووە بەوەی داڵدەی کۆمەڵێک حزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان داوە. ئەوان هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکەن ڕێی بەو حزبانە داوە لەو دیو چالاکی بکەن لە کاتێکدا ئەم تۆمەتانە بە تەواوی ڕەت کراونەتەوە و تەنانەت حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕەتیان کردۆتەوە هیچ هێزێکی چەکداریان ناردبێتەوە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ناوەندی هاوکاریی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و تەنانەت سکرتێری حزبە سەرەکییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان بۆ چەندین جار بە فەرمی لە میدیاکان باسی ئەو پرسەیان کردووە و تەنانەت گوتوویانە ئامانجی ئێران لە مووشەکبارانی قووڵایی خاکی کوردستان و تۆپبارانی سنوورەکان ئەوە بووە هانیان بدات هێزی پێشمەرگە بنێرنەوە، بەڵام نەکەوتوونەتە ئەو داوە و لەم دۆخەدا بە هیچ شێوەیەک باوەڕیان بە ناردنەوەی هێز نییە و باوەڕیان بەوە هەیە بە خۆپێشاندانی مەدەنی و شارستانییانە و مانگرتن داوا و ویستەکانی خەڵک لە ناوخۆی شارەکانی کوردستانی ئێرانەوە دەرببڕن.
جێی باسە دوێنێکەش محەمەد باقری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دووبارە هەرێمی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە داڵدەی هەزاران چەکداری داوە و بەوەش تۆمەتباری کرد بنکەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە خاکەکەی هەن و دەیانەوێت ئاسایشی ئێران بخەنە مەترسییەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئێران هەڕەشەی کردبوو هێزی وشکایی بجووڵێنێت و بەردەام هەڕەشەی هێرش دەکات.
وەک ئاشکرایە کەمپی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کەمپی پەنابەراندا نیشتەجێن و تەنانەت بەشێک لە کەمپەکان لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش سەرپەرشتی دەکرێن و بوونی ئەو حزبانەش لەمێژینەن و پێشتر لە مەرزەکان نیشتەجێ بوون و تەنانەت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ڕاستەوخۆی سەربازیدا بوون بەڵام زیاتر لە دوو دەیەیە ئەو ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییە بە تەواوی وەستێنراوە و حزبەکانی کوردستانی ئێران تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە چالاکییان هەیە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە پێشتریش لە ١٣ی ئاداری ئەمساڵ ماڵی سەرمایەدارێکی کورد لە هەولێر لە لایەن مووشەکەکانی ئێران کرانە ئامانج و هەرێمی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد داڵدەی ئیسرائیلییەکانی داوە لە کاتێکدا لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکوومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراقیش تۆمەتەکەیان ڕەت کردەوە.
دوای ئەمەش لە لایەن میلیشیاکانەوە چەندین جار فڕۆکەخانەی هەولێر و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گازی سروشتی و شوێنی سڤیل کراونەتە ئامانج و ئەوە هەرێمی کوردستانە دەبێ گلەیی لە ئێران بکات سنووربەزاندن و پێشێلکارییە سەروەرییەکانی خاکی عێراق ڕا بگرێت، کەچی پرسەکە پێچەوانە بۆەتەوە.

ھەواڵی زیاتر