وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: مووچە بۆ زیاتر لە ١١ هەزار کەس دەبڕینەوە

گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەینێت، نزیکەی 90 هەزار مووچەخۆر لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مووچە وەردەگرن و لە ماوەی داهاتوودا 11 هەزار و 800 کەسی نوێ مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە. دەشڵێت، ئەگەر هەر کۆمپانیایەکی داوای مۆڵەتی کار بکات ئەوا دەبێت 75٪ی کرێکارەکانی نێوخۆیی و 25٪یشی کرێکاری بیانی بێت.

ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە 2012وە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک (خاوەن پێداویستیی تایبەت) لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مووچەی بۆ نەبڕدراوەتەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە. هەروەها نزیکەی 30 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی مووچەی نڤیشکان (خاوەن پێداویستیی تایبەت)یان بۆ دابینبکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتیشی، دوای پێداچوونەوە بۆ لیستی ناوی ئەوانەی وەکو خاوەن پێداویستیی تایبەت لە وەزارەتی کارووباری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون، نزیکەی 12 هەزار کەس لە لیستی نڤیشکانەکان (خاوەن پێداویستیی تایبەت) مووچەکانیان راگیراون، بەشێک لەوانەی مووچەیان راگیراون بەهۆی ئەوەیە کە مووچەی دیکەیان هەیە. هەروەها گوتیشی، لەکاتی پێداچوونەوە بە لیستی ناوەکاندا “پیاو هەبووە وەکو بێوەژن تۆمارکراوە مووچەی بۆ بڕدراوەتەوە.”

ئاریان ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سنووردارکردنی هێنانی کرێکارانی بیانی، هەر کۆمپانیایەک پڕۆژەی هەبێت دەبێت 75٪ی کرێکاری نێوخۆیی بێت و 25٪ی کرێکاری بیانی بێت، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران وادەکات هەلی کار لەبەردەم کرێکاری ناوخۆ زیاتر بێت.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 8 هەزار کرێکاری بیانی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون.

گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوەش کرد، لەدوای پێداچوونەوە بە لیستی ناوی ئەوانەی مووچە لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی وەردەگرن، نزیکەی 11 هەزار 800 کەس مووچەیان راگیراوە و ئەو ژمارەیەش کەسانی نوێ دەخرێنە جێگەکەیان و لە قۆناخی یەکەمدا پێنج چین دەگرێتەوە ئەوانیش: (ئۆتیزم، شەلەل دەماخ، بیرکۆڵ، تالاسیما و کورتەباڵا)ن و لە بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان لیژنە دەیانبینێت و دواتر بە قۆناخ ناویان دەردەچێت بۆ مووچە.

لەبارەی جیاوازیی نێوان مووچەی ئەوانەی فەرمانبەرن و نڤیشکانن، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، مووچەی نڤیشکانەکان هەمووی وەکو یەکدیە و بە یاسا دیاریکراوە کە 150 هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر کەسێک فەرمانبەر بێت 50 هەزار دیناری لێدەبڕێت و 100 هەزار دیناری پێدەدرێت.

مووچەی بەخێوکار ئەو کەسەی کە فەرمانبەری حکومەتە و لە ماڵەوە کەسێکی هەیە نڤیشکانە، ئاریان ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، لە رابردوودا فێڵێکی زۆر لەو پرۆسەیەدا کراوە و خەڵک هەبووە لە ئەوروپا بووە و بەهۆی ئەوەی منداڵێکی هەبووە نڤیشکان بووە مووچەی وەرگرتووە و لە ئەوروپا بووە.

ھەواڵی زیاتر