شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ ئاماژەدان بە مادەی نۆی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دووپاتی لە هەوڵی کورد بۆ وەرگرتنی چەندین پۆستی ئەمنی و سەربازی لە بەغدا کردەوە.
شاخەوان عەبدوڵا لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید وەک سەرۆککۆماری عێراق ئامادەبوو و دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە سەبارەت بە هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاند: دانوستانەکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان دەستپێدەکات. سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەو فراکسیۆنانەی لە ناو حکومەتدا بەشدار دەبن، وتوێژ دەکات بۆ ئەوەی هەر کەس بە پشکی خۆی بگات.
ئەمڕۆ (دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەم) لە کۆشکی سەلامی بەغدا، لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە یەکەم لێدوانیدا گوتی: خەڵک چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزە کە لە خزمەت خەڵکدا بێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
رۆژی 13ـی تشرینی یەکەم، محەمەد سوودانی لە لایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راسپێردرا.
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەردەوام رەخنەی جێبەجێنەکردنی دەیان ماددەی دەستووری و پشتگوێخستنی پشکی کوردیان لە حکومەتی بەغدا گرتووە.
بەپێی دەستوور، وەزارەت و دامەرزاوەکان دەبێ گوزارشت لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکەن، بەڵام ئەمە لە زۆر بواردا نەکراوە و یەک لەوانە، پۆستە ئەمنی و سەربازییەکانە و دواجار وای لێهات رێژەی کورد لەو شوێنانەدا بۆ 1٪ کەمبووەوە.
بە پێی لێدوانی شاخەوان عەبدوڵا، کورد سوورە لە سەر وەرگرتنی ئەو پۆستانەی کە لە دەرەوەی وەزارەتەکانیش دان.
ئەو دەڵێ: ناکرێ کورد لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا پشکی پێنەدرێت، مادەی نۆ لە دەستووری هەمیشەیی دووپات لەوە دەکاتەوە کە ئەو دامەزراوانە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی تێدا بێت.