نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی دابەزینی رێژەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، نرخی نەوت بەرزبووەوە. هەروەها نرخی زێڕیش بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 1646 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە ئابووریی چینن بۆ ئەوەی بزانن کە خواست لەلایەن ئەو وڵاتەوە چۆن گۆڕانکاری بەسەردادێت.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17-10-2022، نرخی نەوتی برێنت 85 سەنت بەرزبووەوە و بە 92 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 73 سەنت بەرزبووەوە و بە 86 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوت لە کۆمەڵێک هۆکاری دیکە پاڵپشتیی وەرگرتووە، یەکێک لەو هۆکارانە گوتاری شی جین پینگ، سەرۆکی چین بووە لە کۆنگرەی پارتی کۆمۆنیستی چین کە رایگەیاند بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردن لە ئابووریی چین و ئەوەش وەک هێمایەک دەبینرێت بۆ بەرزبوونەوەی خواست لە درێژمەودادا.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( CMC Market ) رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە لە بەرزبوونەوە وەستا و لەسەرەتای ئەم هەفتەیە دابەزیوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای کاڵا و کانزاکان.

نرخی زێڕ بەرزبووەوە

نرخی زێڕ بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بەرزبووەوە، بەڵام هێشتا لە خوارەوەی هێڵێکی بەرگریی گرینگە کە ئەستەمە بتوانێت لێی دەربازبێت. نرخی زێڕ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 1646 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانانی زێڕ پێیانوایە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئامادەیە جارێکی دیکە لە مانگی داهاتوودا سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ ی دیکە بەرزبکاتەوە و بەوپێیەش تێکڕای سوودی بانکی بۆ 4٪ بەرزبکاتەوە.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بۆ ئەو ئاستانە گوشاری زۆر لە سەر بازاڕی زێڕ دروست دەکات.

سەڕەرای ئەوەی کە بەهای دۆلار ئەم بەیانییە کەمێک دابەزیوە، بەڵام هێشتا لە ئاستە بەرزەکانی 20 ساڵی رابردووی خۆیدا مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بەپێی شرۆڤەکاران ئاستی 1660 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەکی زێڕ ئاستێکی هەستیارە ئەگەر نرخی زێڕ نەتوانێت ئەو ئاستە تێپەڕێنێت بە ئەگەری زۆرەوە بەردەوام دەبێت لە دابەزینی خۆی تەنانەت تاوەکو 1600 دۆلاریش.

ھەواڵی زیاتر