سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ژمارەی قوربانیانی لافاوەكەی نەیجیریا 500 كەسی تێپەڕاند

حكومەتی نەیجیریا رایاگەیاند:لەئاكامی لافاوێكی بەرفراوان لە نەیجیریا زیاتر لە 500 كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 90 هەزار ماڵییش ژێر ئاو كەوتوون .
وەزارەتەكانی كاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی كارەساتەكانی نەیجیریا بڵاویانكردەوە، لافاوەكە لە كۆی 36 ویلایەتی نەیجیریا 27 ویلایەتی گرتۆتەوە و كاری كردۆتە سەر یەك ملیۆن و 400 هەزار كەس.
دەسەڵاتدارانی نەیجیریا رایانگەیاند، لافاوەكەی ئەمساڵ بەهۆی بارانێكی نائاسایی بەخوڕەوە بووە كە لە سەرەتای هاوینەوە زیادیكردووە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، مستەفا حەبیب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای نیشتمانیی بەڕێوەبردنی باری نائاسایی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، قەبارەی ئەو كارەساتە گەورەیە.
نەیجیریا لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا تووشی خراپترین لافاو بۆتەوە كە هۆكارەكەی بۆ ڕژانی ئاو لە بەنداوی لاگدو لە كامێرونی دراوسێ دەزانرێت، لەگەڵ بارانبارینی زۆر بە شێوەیەكی نائاسایی.