سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

یەکێتیی ئەوروپا سزا بەسەر ١٥ دامەزراوە و چەند کەسایەیەتییەکی ئێرانیدا دەسەپێنێت

یەکێتیی ئەوروپا گەمارۆی ئابووری بەسەر چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی ئێران دا دەسەپێنێت، بەپێی زانیارییەکان، لانیکەم 15 دامەزراوە لەنێو لیستی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپان. 

بڕیارە رۆژی دووشەممە، 17-10-2022، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ کۆببنەوە و یەکێک لە بڕگەکانی ئەجێندای کۆبوونەوەکەش راگەیاندنی پاکێجێکی سزایە بەسەر ئێران. لەنێو ئەو سزایانەدا “قەدەخەی گەشتکردنی ئەوانەی بەرپرسیارن لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و سڕکردنی سەرمایەی کەس و دامەزراوەکانیشی” تێدایە، ئەوەش وەکو پشتگیریکردنی زیاتری خەڵکی ئێرانە. 

ئۆرسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی هەڵوێستی ئەوروپییەکان دەڵێت، “کاتی ئەوە هاتووە ئەوانەی بەرپرسیارن لە سەرکوتکردنی ژنان لە ئێران گەمارۆیان بخرێتەسەر”. 

هەندێک وڵاتیش کە پێشووتر کۆچبەرانیان بۆ ئێران دیپۆرتکردووەتەوە، بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت دەست بە راگرتنی دیپۆرتکردنەوە و گەڕاندنەوەی زۆرەملێی کۆچبەران دەکەن. یەکێک لەو وڵاتانەش ئەڵمانیایە. 

نانسی فێیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا پێشووتر رایگەیاندبوو، “هەر شتێک کە ئێمە لێرەوە بۆ پاراستنیان [پاراستنی خۆپێشاندەران] بتوانین بیکەین، پێویستە ئەنجام بدرێت. ئێستا دیپۆرتکردنەوە بۆ ئەوێ [ئێران] بە بێ بەرپرسیاریەتی دەزانم”. 

ئەو دامەزراوە و کەسانەی دەکەونە بەر سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا هێشتا ناوەکانیان دیار نییە و دوای گفتوگۆی وەزیرانی دەرەوە لە رۆژی دووشەممە ئاشکرا دەکرێن. 

هەڵوێستە نوێیەکەی یەکێتیی ئەوروپا دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردە تەمەن 22 ساڵەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان هات کە بەهۆیەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپێشاندانی فراوانی بۆ کرا و تاوەکو ئێستاش ناڕەزایەتییەکان لە چەندین شار و شارۆچکە بەردەوامن.