بە مەبەستی زیاتر کاراکردنی کاروباری قوتابییان، زانکۆی سەلاحەددین سیستەمی وەرگرتنی قوتابییان بەئەلیکترۆنی دەکات.
سامان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەددین، بە سەرچاوەیەکی ڕاگەیاند: ”لەسەر ڕاسپاردە و بڕیاری پ.ی.د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین/ هەولێر، سیستەمی وەرگرتنی قوتابییانی قۆناغی یەکەم لە کۆلێژەکان بەئەلیکترۆنی کرا.
گوتیشی: ”بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوون و سەنتەری ئایتیی زانکۆ، ڕێنوێنیی پێویست سەبارەت بە شێوازی پڕکردنەوەی فۆرمەکە و لینکی تایبەت بەو بابەتە بۆ قوتابییان بڵاو بکەنەوە و ڕایبگەیەنن.”
ئەوەیشی خستەڕوو: ”مەبەست لەو هەنگاوەی زانکۆی سەلاحەددین، خزمەتکردنی قوتابییانی ئازیزە، لە هەمان کاتدا خۆگونجاندنە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی تەکنەڵۆجیا و هەنگاونان بە ئاڕاستەی بەئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی دیکەی زانکۆ.”