چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی كانێكی خه‌ڵوز له‌ باكووری توركیا ده‌یان كه‌س بوونه‌ قوربانی

به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ كانی خه‌ڵوز له شاری بارتینی‌ باكووری توركیا 14 گیانیان له‌ده‌ستدا و چه‌ندین كه‌سیتر تاوه‌كو ئێستا بێسه‌روشوێنن.

دوێنێ هه‌ینی (14ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ كانێكی خه‌ڵوز له‌ شاری بارتینی باكووری توركیا روویدا و ده‌یان قوربانی لێكه‌وته‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستا تیمه‌كانی رزگاركردن له به‌دواگه‌ڕانی كرێكارانی كانه‌كه‌ به‌رده‌وامن.

سلێمان سۆیلۆ، وه‌زیری ناوخۆی توركیا ئاشكرایكرد، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و رووداوه‌ 14 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و تاوه‌كو ئێستا چه‌ندین كرێكاری دیكه‌ گیریان خواردووه‌ و پڕۆسه‌ی رزگاركردنیان به‌رده‌وامه‌.

هه‌روه‌ها گوتی 110 كرێكار له‌و كانه‌ خه‌ڵوزه‌دا كاریانكردووه‌ و تاوه‌كو ئێستا 21 كه‌سیان گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌ 14 كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستدا، له‌كاتێكدا چه‌ندین كرێكاری دیكه‌ش دوای رووداوه‌كه‌ توانیویانه‌ خۆیان رزگاربكه‌ن.

سۆیلۆ گوتیشی، تاوه‌كو ئێستا نزیكه‌ی 49 كرێكار بێسه‌رووشوێنن و پرۆسه‌ی به‌دواگه‌ڕان له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و هێزه‌كانی دیكه‌ی ناوخۆوه‌ به‌رده‌وامه‌ و نه‌خرشخانه‌یه‌كی مه‌یدانیشیان له‌ نزیك رووداوه‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌.