لە دوایین ساتی مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا و بەهۆی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان نرخی نەوت بە رێژەی 3% و نرخی زێڕیش بە رێژەی 1٪ دابەزی.
ئێستا نرخی نەوت بەمشێوەیەیە:
– نەوتی برێنت 2 دۆلار و 94 سەنت دابەزی بە 91 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
– نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 3 دۆلار و 50 سەنت دابەزی و بە 85 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەوپێیەش لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 6.4٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 7.6٪ دابەزیوە.
دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە ئاماری نوێی پەیوەست بە هەڵاوسانی ئەمریکا بڵاوبووەوە.
بەپێی ئەو ئامارانە، رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا سەرەڕای چوار جار بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەمساڵدا هێشتا لە بەرزترین ئاستی خۆیەتی لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا.
مانەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لەو ئاستە بەرزانەدا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان پێشبینی بکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە داهاتوودا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.
فیل فلین، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (پرایس فیوچەر) رایگەیاند، ” بەرزبوونەوەی هەستی بەکارهێنەران لە ئەمریکا وەک هۆکارێکی نەرێنی کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت کردووە.”
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت “بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچارە بۆ هێورکردنەوەی هەڵاوسان و کەمکردنەوەی هەستی بەکارهێنەران سوودی بانکی دووبارە بەرزبکاتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ بەهێزبوونەوەی دۆلار و دابەزینی نرخی کاڵاو کانزاکان.”
نرخی زێڕ بە رێژەی 1٪ دابەزی
نرخی زێڕ لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی بە رێژەی زیاتر لە 1 ٪ دابەزی.
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی رابردوو بازرگانانی زێڕی نیگەران کردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.
نرخی هەر ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 1.3٪ دابەزی و بە 1643 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی 9 لەو وڵاتە بەراورد بە مانگی 8 بە رێژەی 0.4٪ بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا.
رۆژی هەینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە رێژەی 0.6٪ بەرزبووەوە.
کرەیگ ئێرلەم، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند “نرخی زێڕ زۆر هەستیارە بەرامبەر بە ئامارەکانی هەڵاوسان و ئەگەرەکانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.”
ئەو شرۆڤەکارە راشیگەیاند، ئەگەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە نرخی زێڕ تاوەکو 1600 دۆلار دابەزیت.