هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

یەکێتیی ئەوروپا بۆ پۆتین: چەکی ئەتۆم بەکاربهێنیت سوپاکەت دەسڕینەوە

یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری دەداتە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئۆکراینا و باس لەوە دەکات ئەگەر رووسیا کارێکی لەو جۆرە بکات، وڵاتانی رۆژئاوا سوپاکەی لەسەر زەوی “دەسڕنەوە”. هۆشدارییەکەی یەکێتیی ئەوروپا لەکاتێکدایە، شەممەی رابردوو 8ی تشرینی یەکەم، ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن رووسیاوە “گاڵتە” نییە.

رۆژی پێنجشەممە 13-10-2022، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئەکادیمیایەکی دیپلۆماسی لە برۆکسل گوتی، “پووتین دەڵێت، هەڕەشەی بێ مانا ناکات. مادام دەبێت ئەوەش زۆر روون بێت کە ئەو خەڵکانەی پاڵپشتی ئۆکراینا دەکەن، یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامەکانی و ئەمریکا و ناتۆش هەڕەشەی بێ مانا ناکەن”.

بۆرێل لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت، “هەر هێرشێکی ئەتۆمی لە دژی ئۆکراینا وەڵامی دەدرێتەوە، نەک وەڵامێکی ئەتۆمی بەڵکو وەڵامێکی بەهێزی سەربازیی کە سوپای رووسیا بسڕێتەوە”.

لە چەند هەفتەی رابردوودا مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە دژی ئۆکراینا زیادیکردووە. ئەوەش دوای ئەوە هات ڤلادیمیر پووتین چوار ناوچەی لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا خستە سەر سنووری رووسیا و ئۆکرایناش هێرشی هەڵگەڕاوەی لە چەند ناوچەیەک دەستپێکرد.

رۆژی چوارشەممە 12ی تشرینی یەکەم، یانس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆکی رێکخراوی ناتۆ رووسیای ئاگادارکردەوە، ئەگەر چەکی ئەتۆمی لە دژی ئۆکراینا بەکاربێنێت ئەوا “دەرەنجامێکی سەخت” چاوەڕێی رووسیا دەکات. هاوکات گوتیشی، لەلایەن چەندین هاوپەیمانمانەوە وەڵامدانەوەی راستەوخۆمان دەبێت، بەتایبەتتر لەلایەن ناتۆوە.

وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەستی باڵایان لە جەنگی ئۆکراینادا هەبووە و تاوەکو ئێستا دەیان ملیار دۆلاریان بە ئۆکراینا بەخشیوە، کە بەشێکی زۆری ئەو هاوکارییانە لە ناتۆ و ئەمریکاوە بۆ ئۆکراینا نێردراون، بەڵام تائێستا هیچ کام لەو وڵاتانە ئاماژەیان بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی رووسیا نەکردووە.