پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەوەی ئێستا دژی کوردانی خانەقین دەکرێت له‌ رابردوودا وێنه‌ی نه‌بووه‌

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی عێراق فەرمانی داوە پێویستە سەرجەم ھێزەکانی کورد لە خانەقین بچنە دەرەوە، بۆ ئەم مەبەستە چەکدارانی حەشدی شەعبی بە چەکی قورسەوە ھاتوونەتە نێو خانەقین و دەوری گەڕەکە کوردییەکانیان داوە و دەیانەوێت ھەرچی کوردە لە ناوچەکە نەمێنێت.

جێبەجێنەکردنی ماددەی١٤٠ پێشێلکردنی دەستوورە و مافی کورد پێشێل کراوە و داعشیش نەبوونی ھەماھەنگی بۆ خۆیان لەو ناوچانە قۆستووەتەوە، جموجۆڵ و چاڵاکییان زۆرە، کە حکوومەتی عێراق ھۆکاری جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ـە، بەرپرسانی کوردیش لەو شارە دەڵێن، پێویستە حکوومەتی ھەرێم بێتە سەرخەت و داوا لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بکات، یان ماددەی١٤٠ جێبەجێ بکەن، یاخود ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی بەڕێوە ببرێن، بۆ ئەوەی ئەمن و ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە و داعش نەمێنێت لە ناوچەکە.
شێرکۆ تۆفیق، کارگێری لقی ١٥ی خانەقین، بۆ ھەولێر، گوتی:” پێش چەند رۆژێک بەبڕیاری لیوا روکن عەلی فازل، کە عەرەبێکی شۆڤێنییە و پێشتر لە کەرکووک بووە و ئێستا بووە بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیالە، ھاتۆتە ناوچەکە بۆ کەمکردنەوەی دەستەڵاتی کوردی لە خانەقین و دەوروبەری، داوا دەکات فەرمانگە حکوومییەکان کە سەر بە ھەرێمی کوردستانن، لەناو خانەقین دابخرێن، بارەگای حزبە کوردییەکان نەمێنن، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی دەستەڵاتی کوردی و نەھێشتنی ئەو شوێنە ئەمنییانەیە کە لەناو شاری خانەقین ماون، ئەوەش پیلانێکی دیکەی تەعریبی ئەو ناوچەیە، ھەر چەندە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەرانی کورد ھاتوونەتە سەرخەت، بەڵام ھێشتا بارودۆخەکە چارەسەر نەبووە.
ئەو بەرپرسەی پارتی لە خانەقین، ئاشکراشی کرد:” دانیشتووانی خانەقین بە ھەموو چین و توێژەکانییەوە دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئێستا ھێزێکی زۆری حەشدی شەعبی لە گەڕەکەکانی ئەو شارە بڵاوەیان پێکراوە، چەکی قورسیان پێیە و لێ ناگەرێن خەڵک دژی ئەوان بوەستێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر بارودۆخی خانەقین زۆر باش بوو، ھەموو پێکھاتەکان داوایان دەکرد خانەقین بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەر، بارودۆخەکە پێچەوانە بوویەوە، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو عەرەبی ھاوردە ھاتە ناوچەکە و دووبارە تەعریب دەستی پێ کردەوە و ئێستا دەیانەوێت کورد لەو شارە نەمێنێت و خەریکی ئەو پلانەن کە پێشتر بۆیان جێبەجێ نەکراوە، بۆیە لە سەردەمی بەعس ھێندەی ئەو ماوەیە پرۆسەی بەعەرەبکردنی خانەقین خێرا نەبووە.
شێرکۆ تۆفیق، گوتیشی:” ئەگەر بارودۆخەکە ھەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، خەڵکی خانەقین دژیان دەوەستنەوە و ئەو زوڵم و ستەمە قەبوول ناکەن، چونکە لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەژێر ستەم و زوڵم و تەعریبێکی زۆر دایە، سیمای شارەکە بە رادەیەک گۆڕاوە، کە ھەست دەکەی تەعریب دەستی بەسەر شارەکەدا گرتووە و زیاتر لە ٣٦ گوند لە دەوروبەری خانەقین چۆڵ بوونە، ئەمەش ھۆکارەکەی ھەموو تەعریبە، لەگەڵ ئەوەش بارودۆخی ئەمنی زۆر ناجێگیرە، رۆژانە کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێن، حکوومەتی عێراقیش بەشێکە لەو تەعریبە و خۆی دەیەوێت کورد لەو ناوچانە نەمێنێت.
شێرکۆ تۆفیق، کارگێری لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، جەختی لەوەش کردەوە:” دەبێت رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر ئەو ناوچانەی کوردنشینن پێویست دەکات کورد بە زەبری ھێز بگەرێنێتەوە، چونکە خەڵکەکە داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکات، ئەوەش بۆ سەقامگیری ناوچەکەیە”.