ڕائیب جادر – هەولێر
زیاتر لە ساڵێک بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت و ھێشتا حکوومەت پێکنەھاتووە، ھۆکارەکەش بۆ ناکۆکی نێوان چوارچێوەی ھاوئاھەنگی و رەوتی سەدر لەسەر شێوازی پێکھێنانی حکوومەت دەگەڕێتەوە. بەگوتەی ئەندامانی کورد لە بەغدا، بۆ حکوومەتی داھاتووی عێراق رێککەوتنێکی سیاسیی گشتگیر لەنێوان لایەنەکانی پەرلەمانی عێراقدا ھەیە لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور و ھاوبەشایەتی راستەقینە و ھاوسەنگی لە پۆستەکان.
لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا کە ٣٢٤٩ کاندید بۆ ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کێبڕکێیان کرد.
لەو ھەڵبژاردنەدا، زیاتر لە ٨ ملیۆن دەنگدەر لە سەرتاسەری عێراق بەشدارییان کرد، کە رێژەی بەشداریکردن بەپێی راگەیەندراوی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان گەیشتە ٤١%.
ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی یاسایەکی نوێی ھەڵبژاردن بەڕێوەچوو، کە ھەموو عێراقی بەسەر ٨٣ بازنەی ھەڵبژاردندا دابەشکردبوو کە ٨٩٦٢ بنکەی ھەڵبژاردنیشی لەخۆگرتبوو.
دوای ئاشکراکردنی دەرئەنجامەکان، رەوتی سەدر لە شیعەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھێزە کوردییەکان و ھاوپەیمانی سیادە (عەزم و تەقەدوم) لە سوننەکان زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەستھێنا.
لە ھەوڵی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، دوای ھەڵبژاردنی محەممەد حەلبووسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ٧/٢/٢٠٢٢، ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانی رێژەی یاسایی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ھەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، ھەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو پاک و پیشەگەرانە بوو، ئەوەش بە گەواھی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێران، داواش لە ھێزە سیاسییەکان دەکەم پەنا بۆ دیالۆگ و ھەنگاوی بونیاتنەرانە ببەن بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ھەولێر، گوتی:” بارودۆخی عێراق ناجێگیرە، پەرلەمان گۆرانکاری بەسەردا ھات، ئێستا خەریکی ھاوپەیمانێتیەکی نوێین، ئەو کارنامەی رێککەوتنی لەسەر کراوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق، گرنگترین خاڵەکانی ئەو رێککەوتنەی کراوە بریتین لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، چالاککردنەوە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و چارەسەرکردنی پرسە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.
ئەو ئەندامەی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتیشی:” پێکھێنانی حکوومەتی عێراق زۆر زەحمەتە، تائێستا رێککەوتن لەسەر حکوومەت نەکراوە، دیاریش نییە کەی لایەنەکان رێک دەکەون، چونکە چەندین کێشە لە عێراق ھەن، بەڵام پێویستە حکوومەت ھەرچی زووە پێک بێت، چونکە زۆر یاسای گرنگ لەسەر پێکھێنانی حکوومەت راوەستاوە، ھەروەھا خزمەتگوزارییەکان زۆر پاشەکشەیان کردووە، ھاووڵاتییان بە دەست بێکاری و پرۆژەی خزمەتگوزاری دەناڵێنن، تا ئێستاش خەڵک بە دەست بێ ئاو و کارەبا دەناڵێنن، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت، لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەکێتی ھێشتا نەگەیشتوون بە دیاریکردنی یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام گەشبینین لە رۆژانی داھاتوو بتوانین ئەو پرسە یەکلایی بکەینەوە.