سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەلاح مەجید و لوقمان سەلیم خەڵات کران

گۆڤاری شارباژێڕ بە هاوكاریی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان، خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە هونەرمەندان سەلاح مەجید و لوقمان سەلیم، ئەوەش لە پای ئەو خزمەتەی ئەو دوو هونەرمەندە پێشكەشی هونەری كوردییان كردووە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک كەسایەتی و هونەرمەندان لە شاری سلێمانی، مەراسیمی رێزلێنان لە هونەرمەندان سەلاح مەجید و لوقمان سەلیم بەڕێوە چوو.

جەمال شارباژێڕی، سەرنووسەری گۆڤاری شارباژێر رایگەیاند، ئەوان ساڵانە رێزلێنان دەبەخشنە ژمارەیەك هونەرمەند كە خزمەتی بەرچاوی هونەری كوردییان كردووە، بۆیە ئەمساڵیش بەباشیان زانیوە خەڵات ببەخشنە ئەو دوو هونەرمەندە بەئەزموونەی شاری سلێمانی كە ساڵانێكی زۆرە خزمەتی هونەری كوردی دەكەن.

هونەرمەند سەلاح مەجید لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە كاری هونەری كردووە و چەندین بەرهەمی پێشكەش كردووە بە بەناوبانگترینیان (شاییە زەماوەندە) كە توانیی ئەم هونەرمەندە زیاتر بناسێنێت.

سەڵاح مەجید بە (هەولێر)ی راگەیاند، سوپاسی ئامادەكارانی ئەو مەراسیمە دەكات و گەورەیییان نواندووە بۆ خەڵاتكردنیان و سەرەتا ئەوە رێزە بۆ خۆیان و وتی “دیارە ئەم خەڵاتە جوانترین كارە بۆ هونەرمەندان و هەست دەكەن ئەو رەنج و ماندووبوونەوەی ساڵانی رابردوویان بەهەدەر نەچووە، بۆیە منیش لێرەوە داوا دەكەم خزمەتی زیاتری هونەرمەندان بكرێت”.

هەروەها هونەرمەند لوقمان سەلیم ماوەی نزیكەی سی ساڵە سەرقاڵی كاری هونەرییە و چەندین ئەلبوم و كلیپی بڵاوكردۆتەوە، سەبارەت بەو خەڵاتكردنەی بە (هەولێر)ی راگەیاند، لەڕاستیدا ئەم جۆرە خەڵاتانە مەعنەوییە و ئەو هونەرمەندانە بەسەر دەكەنەوە كە خزمەتیان كردووە و بەئەمانەتەوە هونەرەكە بە نەوەی داهاتوو دەگەیەنن و ئەوانیش هەوڵ دەدەن ئەو بەرهەمانەی پێشكەشی دەكەن زیاتر پێشی بخەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد “دیارە مامۆستا سەلاح مەجید تەمەنێكە لە بواری نواندن و گۆرانی وتنیشدا كاری كردووە و من منداڵ بووم كە گوێم لێ گرتووە، بۆیە شانازیی پێوە دەكەم كە ئەمڕۆ لەگەڵ گەورە هونەرمەندێكی وەهادا خەڵات دەكرێم”.