یانەی سۆران ماوەی مانگێک و چەند ڕۆژێکە دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، یانەکە بە ڕاهێنەرایەتی ڕەفیق سەعید و هێنانی چەند یاریزانێکی پیشگەر خۆی بۆ خولەکە ئامادەکات، هەشت یاریزانی ڕیزی یانەی سۆرانیان بۆ یانەکانی تر جێهێشتووە و لەبەرانبەردا یازدە یاریزانی نوێ پەیوەندییان بە یانەکەوە کردووە، دەربارەی ئامادەکاری و ئامانجی یانەکە ڕاهێنەری سۆران قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد.
ماوەی مانگێکە ئامادەکاری دەکەن
ئامادەکاری یانەی سۆران بۆ خولی نایابی کوردستان تا ڕادەیەک درەنگ کەوت، یانەکە جارێکی تر متمانەی بە ڕەفیق سەعیدی ڕاهێنەر بەخشیەوە، دەربارەی ئامادەکارییەکانی ئەم وەزەی تیپەکەیش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر ڕەفیق سەعید ڕاهێنەری یانەکە بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: بۆ ئامادەکاری بۆ وەرزی ئەمساڵ ماوەی مانگێک و دوو ڕۆژمان لەبەر دەست بوو بۆ ئامادەکاری، ئەو ماوەیە بۆ تیپێک کە بەشداری خولێکی دوورو درێژبکات زۆر زۆر کەمە، بەبەراورد بە یانەکانی تر ئامادەکارییەکانی ئێمە زۆر دوا کەوت، دوای دەستپێکردنمان بە مەشقەکان هەشت یاریزانی وەرزی ڕابردوو لە تیپەکەی ئێمە نەماون و بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو یاریزانانە ١١ یاریزانی نوێ گرێبەستیان لەگەڵ یانەکە واژوو کردووە.
هەوڵمانداوە لەو ماوەی کەمەی لەبەر دەمی تیپەکەماندا بوو، هەموو کێشەکان تێبپەڕێنین و بتوانین ئامادەکارییەکی باش بکەین، کە ئەمەیش بەهاوکاری ستافی کارگێڕی و هونەری یاریزانان بوو، گەشبینم کە ئەمساڵ سۆران تیپێکی جیاوازی دەبێت و دەتوانین دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین.
دەربارەی کاپتنی یانەکە ئیدریس حوسێن کە ماوەیەکی زۆر لەو یانەیە بوو، ئەم وەرزە یانەکەی جیهێشت، ڕاهێنەری سۆران گووتی: کێشەی لەگەڵ کارگێڕی یانەکە هەبوو، داوای زیادکردنی بڕی پارەی گرێبەستەکەی دەکرد، مەرجێکی تریشی ئەوە بوو کە لە یارییەکاندا بەشێوەیەکی سەرەکی یاری بکات، ئەمانە هۆکاری جێهێشتنی کاپتنی یانەکە بوو.
سۆران لە ماوەی ئامادەکارییەکانیدا بۆ یارییەکانی ئەم وەرزە، حەوت یاری دۆستانەی کردووە لە پێنج یاریدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغدا شکستی هێناوە و لەیەک یاریشدا یەکسان بووە.
چەند گۆڕانکارییەکیان کردووە
دەربارەی گۆڕانکارییەکانی تیپەکەیش ڕاهێنەری سۆران گووتی: گۆڕانکاری زۆرمان لە تیپەکە کردووە، کە گۆڕانکاری ڕیشەیین جیاواز لەساڵانی ڕابردوو ئیشمان کردووە، لەڕووی کوالێتی یاریزانان و ستافی هونەری و سەرپەرشتیاری تیپەکە زۆر گۆڕانکاریمان کردووە، هەوڵمانداوە بەشێوەیەکی مۆدێرن ئیش بکەین، هەوڵماندا ئەم وەرزە فشاری ڕاگەیاندن لەسەر هێنانی ئەو یاریزانانەی کە ئەم وەرزە هاتوون لەسەر تیپەکە دروست نەکەین.
ئامانجی یانەکە چیە؟
ڕاهێنەری یانەی سۆران زیاتر قسەی کرد و ئامانجی یانەکەی بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان ئاشکرا کرد، لەو بارەیەوە گووتی: بە گڕوتینێکی زۆرەوە چاوەڕێی دەسپێکی خولەکە دەکەین، ئامانجی من و کارگێڕی یانەکەیش بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە خولەکە نەک تەنیا بەشداریکردن، ئامانجمانە لە ڕیزی یانەکانی پێشەوەی خولەکە بین و گەرەکمانە ژمارەیەکی قورس بین لە وەرزی ئەمساڵ، یانەی سۆران تا ڕادەیەک ئەزموونی خولی نایابی هەیە و لەو قۆناغە دەرچووە کە تەنیا بۆ مانەوە یاریبکات.
بارودۆخی دارایی یانەکە چۆنه؟
ڕاهێنەری سۆران دەربارەی کێشەی دارایی یانەکە گووتی: کێشەی دارایی لەیانەکەمان بن بڕ نەبووە، بەڵام ئەوە ماوەی دوو وەرزە سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران خەرجی یانەکە دەگرێتە ئەستۆ.
سۆران لەیەکە یاری خۆیدا لە یارییەکانی ئەم وەرزەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی هەندرێن، یەکەم یاری یانەکەی باڵەکایەتی لەسەر یاریگە و لەبەردەم هاندەرەکانی لە یارییەکانی گەڕی دووەم دەبێت میوانداری یانەی دەربەندیخان دەکات.