چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شاندێک سەرەخۆشیی نێچیرڤان بارزانی دەگەیێنێتە ئەو بنەماڵەی 8 کەسیان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا 

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ١١-١٠-٢٠٢٢ بەڕێز د.جەعفەر ئیبراھیم ئێمینکی، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتیی ھەرێمیی کوردستان بەنوێنەرایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەشداریی لە پرسەی خانەوادەی ئاشوتی (ئەرمەنی) کرد و ھاوخەمیی بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی  پێ ڕاگەیاندن.

بەڕێز دکتۆر جەعفەر ئیبراھیم، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ھۆڵی فنحاس لە کەنیسەی مارگورگیسی شەھید لە گوندی سێجێ سەر بە پارێزگای دھۆک، سەردانی خانەوادەی ئاشوتی کرد کە خانەوادەیەکی ئەرمەنین و، پرسە و سەرەخۆشیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی پێ ڕاگەیاندن و ھیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارانی خانەوادەی ئاشوتی خواست کە بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ لەسەر ڕێگەی ئەلقوش ھەشت ئەندامی خێزانی ئاشوتی گیانیان لەدەست دا و  سێ ئەندامی دیکەی ئەم خێزانە بەسەختی بریندار بوون.

لە پرسەکەدا بەڕێز د.جەعفەر ئیبراھیم بەناوی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست و لە نزیکەوە لە تەندروستیانی پرسی، ھیوایشی خواست ئەمە دوایین ناخۆشیی کەسوکاری خانەوادەی ئاشوتی بێت.