وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی هەسار و بەپێی پلانێكی ستراتیژی تاوەكو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر دەچێندرێنن.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ گەشبین ئیدریس، جێگری سەرۆكی رێكخراوی هەسار بۆ زانستی زەوی و نەوزاد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای شاماران کۆبووەوە.
ئاماژە بەوەشدرا، لە دیدارەكەدا كە د. شەرمین عەلی، راوێژكار و د. چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانان ئامادەیبوون، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە رێگەی چاندنی دار و نەمام و دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێردا.
ناوبراو جەختیكردەوە، حكومەت بەپێی پلان كار بۆ پەرەپێدانی رێژەی سەوزایی لە هەولێر و هەرێمی كوردستان دەكات.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆكەدا شاندی میوان پێشنیازی جێبەجێكردنی پلانێكی ستراتیژیان خستەڕوو كە دەیانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندارەكان تاوەكوو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار كە زۆربەیان داربەڕوون لە سنووری شاری هەولێر بچێنن.
لەلای خۆیەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، پاڵپشتی لە دەستپێشخەریی شاندەكە كرد و جەختی كردەوە ئەو پلانە بۆ خزمەتكردنی كوردستان لەڕووی زیادكردنی رێژەی سەوزایی و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا زۆر پێویستە بە تایبەتی چاندنی داربەڕوو كە یەكێكە لە سیمبولەكانی سرووشتی كوردستان و ئەوەی لەلایەن حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشەوە پێویست بێت بۆ سەرخستنی پلانە ستراتیژییەكە، “هاوكار دەبین لە دابینكردنی زەوی لە پشتێنەی سەوزایی و پارك و باخچە دروستنەكراوەكان و هاوكات لە قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە ستراتیژییە