تیروپشكی پاڵاوتنه‌كانی یۆرۆی 2024 راكێشرا

پورتوگال كه‌وته‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئاسان و فه‌ره‌نساش كه‌وته‌ كۆمه‌ڵه‌ی مه‌رگ

تیروپشکی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 راكێشرا، 53 هەڵبژاردەی ئەوروپا کێبڕکێی لەسەر 23 بلیتی پاڵەوانتیەکە دەکەن، ئەڵمانیا میوانداریی پاڵەوانتیەکە بەشداری پاڵاوتنەکانی ناکات و راستەوخۆ بەشدار دەکات، رووسیاش لەم پاڵەوانتیە بێبەش کراوە، بڕیارە لە نێوان مانگی 3ـی ساڵی داهاتوو تاوەکو مانگی 3ـی ساڵی 2024 بەڕێوەبچن.

هەڵبژاردە بەشداربووەکانی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 دابەشی سەر 10 کۆمەڵە کراون، حەوت کۆمەڵە لە پێنج هەڵبژاردە پێک دێن و سێ کۆمەڵەش لە شەش هەڵبژاردە، یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکان کە دەکاتە 20 هەڵبژاردە راستەوخۆ بلیتی یۆرۆی 2024ـی ئەڵمانیا بەدەست دێنن.

سێ هەڵبژاردەکەی دیکە لە رێگەی قۆناغی پلەی ئۆف بلیتەکانی کۆتایی یۆرۆ یەکلایی دەکەنەوە، بە ئەڵمانیای میواندارەوە کە بەشداری پاڵەوانتیەکان ناکات، دەکاتە 24 هەڵبژاردە و لە ساڵی 2024 کێبڕکێی لەسەر ناسناوەکە دەکەن.

ئیتاڵیای پاڵەوانی یۆرۆی رابردوو لە کۆمەڵەی سێیەم کێڕکێی لەگەڵ ئینگلاند و ئۆکرانیا و مەسەدۆنیای باکوور و ماڵتا دەکات، لە کۆی ئەو پێنج هەڵبژاردەیە دوو هەڵبژاردە راستەوخۆ بەشداری یۆرۆی داهاتوو دەکەن.

چاوەڕێ دەکرێت قورسترین کۆمەڵە، کۆمەڵەی دووەم بێت، لەم کۆمەڵەیە هەڵبژاردەکانی فەرەنسا و هۆڵەندا و ئایرلەندا و یۆنان و جەبەل تارق رکابەری یەکتری دەکەن، هەروەها هەڵبژاردەی ئیسپانیاش لە کۆمەڵەی یەکەم کێبڕکێی لەگەڵ هەڵبژاردەکانی سکۆتلەندا و نەرویج و جۆرجیا و قوبرس دەکات.

هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش چاوەڕێ دەکرێت لە کۆمەڵەی دەیەم ئەرکی قورس نەبێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاورێیه‌کانی لەم کۆمەڵەیە رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی بۆسنیا و ئایسلەندا و لۆکسامبورگ و سلۆڤاکیا و لیختینیشتاین دەبێتەوە.

كرواتیا، وێڵز، ئارمینیا، توركیا و لاتڤیا له‌ یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ یاری ده‌كه‌ن، به‌لجیكا، نه‌مسا، سوید، ئازه‌ربایجان و ئیستۆنیان كه‌وتوونه‌ته‌ یه‌ك كۆمه‌ڵه‌.

ھەواڵی زیاتر