نەجات حەسەن: سبەی کۆتایی بە کۆنفرانسەکانی پارتی دێت

سبەی سێشەممە 11/10/2022 کۆتایی بە کۆنفرانسە نێوخۆیییەکانی کۆنگرەی پارتی دێت و جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەش دەڵێ، کۆنفرانسەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە چوون.

نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ کۆنفرانسی کۆنگرە بۆ ژمارەیەک لیژنەی ناوچە بەڕێوە دەچێت لە سنووری ھەردوو لقی ٨ی زاخۆ و لقی ١٨ی ئامێدی، تەنیا ناوچەیەکی سنووری پارێزگای ھەولێر دەمێنێتەوە و بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەوەش کۆتایی بە کۆنفرانسە ناوخۆیییەکانی پارتی دێت بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان.”

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دەڵێت: “لیژنەکانی ئامادەکاری کۆنگرە زیاتر لە مانگێکە خەریکی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنە نێوخۆیییەکانن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرە و سبەی کۆتاڕۆژی کۆنفرانسە نێوخۆیییەکانە.”

نەجات حەسەن ڕوونی کردەوە: “ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە چووە و بە شێوەیەکی ئازادانە ئەندامانی پارتی توانیویانە نوێنەری خۆیان بۆ کۆنگرەی ١٤ دیاری بکەن و ھەڵبژێرن، جێگەی خۆشحاڵیی ئێمەیە وەک لیژنەی ئامادەکار بەوپەڕی دیموکراسییەوە بتوانین کۆنفرانسە نێوخۆیییەکان بەڕێوە ببەین.”

ھەواڵی زیاتر