پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

زمانی بڕیاری دادگاكان ده‌كرێته‌ كوردی

به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی زمانی دادگاكان، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا بڕیاری دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ زمانی كوردی بنووسرێن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (10ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: دوای كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 26/9/2022 به‌ پشتبه‌ستن به‌ (مادده‌ی شه‌شه‌م له‌ یاسای ژماره‌ 23ی ساڵی 2007)ـی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و هه‌روه‌ها (مادده‌ی شه‌شی یاسای ژماره‌ شه‌شی ساڵی 2014)ـی زمانه‌ فه‌رمییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، بڕیاردرا بڕیاری دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو ئه‌و رێكاره‌ دادوه‌رییانه‌ی كه‌ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌وده‌كرێن به‌ زمانی كوردی بنووسرێن، ته‌نیا له‌كاتی پێویست به‌ زمانی عه‌ره‌بی بنووسرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریدا هاتووه‌: ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، دوای زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، په‌رله‌مان، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و ئه‌كادیمیای كوردی هاتووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شداروه‌،‌ بێجگه‌ له‌ ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌، لایه‌نه‌كانی ناوبراو سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی فه‌رهه‌نگێكی یاسایی یه‌كگرتووی كوردین بۆ یه‌كخستنی زمان و ده‌سته‌واژه‌ یاساییه‌كان كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و نوێنه‌رایه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ په‌رله‌مان، وه‌زاره‌تی داد، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و ئه‌كادیمیای كوردی به‌ڕێوه‌ده‌چن.