د. ڤیان سلێمان
هزر و جیهانبینی بابەتێکی مێژوویی کۆمەڵایەتی مەعریفییە، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لەناو کۆمەڵگەدا هەیە و شوێنی خۆی لە هزری تاکەکاندا کردووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە ببێتە سیستەمێکی بەهێزی هزری و چوارچێوەی کۆمەڵگە دیاری بکات و بڕیار لەسەر هەڵسوکەوت و شێوازی بیرکردنەوەی تاکەکان بدات، ئەو کاتە بابەتەکە ڕیشەیەکی قووڵتر و کاریگەرییەکی بەهێزتر و لە هەمان کاتدا توانای بەرگری لە خۆی بەهێزتر دەبێت، ئەمە ڕێک لەگەڵ سیستەمی هزری پیاواسلاری دەگونجێت، کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لە ئێستادا دژ وەستاوە لەگەڵ کۆمەڵگەی
مەدەنی و بیری پێشکەوتنخواز بەگشتی. لە هزری پیاوسالاریدا پیاو لە بواری تایبەت و گشتی دەسەڵاتی باڵای هەیە و ئەو خاوەن هێزی جەستەیی و عەقڵی و بڕیاردەر و دیاریکەری نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانە، لەناو خێزاندا پیاو خاوەن دەسەڵاتە و بڕیارەکان لە دەستی ئەودایە، لە بواری گشتیدا پیاو هەژموونی تەواوی بەسەر بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە و بڕیارە چارەنووسسازەکان لای ئەوە، ئەم هەژموونە لە هەر دوو کایەدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و هەژموونی ڕەهای لەدەستداوە، بەڵام بەهێزی ماوەتەوە وبەردەوامیش بەردەوامی بە خۆی دەدات، لە هەرێمی کوردستانیش هزری پیاوسالاری کە لە پێشوودا بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی بووە لە سەرجەم بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، لە ئێستادا ململانێی مانەوە دەکات لە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا، لە بەرامبەردا بەرەی پێشکەوتنخواز بەردەوام لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی هەژموونی ناڕەوای پیاوسالاری.
هەموو ئەو هێز و کەسانەی کە بڕوایان بەو سیستەمە کۆمەڵایەتییە هەیە و بەرژەوەندییان لە مانەوەیدایە بەشدارن لە پاراستن و مانەوەی ئەم هزرە، تەنانەت بەشێک لە ئافرەتان کە هۆشیارییان نەگەیشتووە بەو ئاستەی مەترسییەکانی هزری پیاوسالاری بناسن یاخود لەژێر کاریگەری پەروەردەیەکی نا یەکسان کاریگەری ئەو هزرەیان لەسەرە لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی بەهاکانی سیستەمی پیاوسالاری لە پەروەردەی منداڵ بەشدارن لە مانەوەی هزری پیاوسالاری.
لەو سۆنگەیەوە لە بەرەنگاربوونەوەی هزری پیاوسالاریدا ئافرەت ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە و یەکەم هەنگاوی ئازادبوون لەو هزرە و بەرەنگاربوونەوەی لە خودی ئافرەتەوە دەست پێ دەکات، ئەویش بە خۆ ڕزگارکردن لە ژێردەستەیی نەریت و دابی سەپێنراو و یاسا و نۆرمەکانی پیاوسالاری و بوون بە خودی سەربەخۆ و ڕەنگدانەوەی لە پەروەردەی منداڵ، کە نەوەی دواڕۆژن و چارەنووسی نیشتمان لە ئەستۆی ئەواندایە.
پەروەردەکردنی منداڵ بە هزری مرۆڤدۆستانەی یەکسانیخوازی و نیشتمان دۆستی لەپێش هەر کەسێک ئەرکی دایکە، ئەوەش وا دەخوازێت کە دایک سەرەتا خۆی هزری خۆی بە بەهاکانی مرۆڤایەتی و ئازادی و یەکسانیخوازی پاراو بکات و شکۆی مرۆڤایەتی و بەهاکانی ژنێتی خۆی بەرز ڕابگرێت، جێیەک بۆ ئەو جۆرە هزر و تێڕوانینەی کە ئافرەت بە مرۆڤێکی کەمتر لە پیاو تەماشا دەکات لە هزری منداڵە کوڕەکان کە پیاوەکانی دواڕۆژن هەروەها منداڵە کچەکان کە ئافرەتان و دایکانی ئایندە و پێوەری ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگەن، نەهێڵێتەوە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە ئەم گۆڕانکارییە بۆ ئافرەت کارێکی هەروا ئاسان نییە، لە کاتێکدا ئەوە فاکتەرە کولتووری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکانن کە ڕێگر بوون لەوەی ئافرەت ئازاد و سەربەخۆ بێت، بەڵام هیچ کارێک ئەستەم نییە لە بەرامبەر هێز و ئیرادەی مرۆڤ، لە ئاست ئازایەتی ئەو ئافرەتانەی لە ڕێگەی گەڕانەوەی شکۆی مرۆڤانەی ئافرەت و بەهاکاندا هەوراز و نشێویان بڕیوە.
هاوکات هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری لە عەقڵی پیاو کە بە هەمان شێوە زەرەرمەندی هزری پیاوسالارییە، چونکە لەژێر سایە و باڵادەستی هزری پیاوسالاری و نەریت پارێزی ئەو بارودۆخە خولقێنراوە و جۆرێک لە نا هاوتایی و نایەکسانی باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو مرۆڤەدا کێشاوە و کۆمەڵێک تایبەتمەندی لە دەروون و بیروباوەڕی چێنراوە یاخود نا چار بە هەڵگرتنی کۆمەڵێک بەرپرسیاریەتی کراوە وەک پارێزەر و پاسەوانی شەرەفی ئافرەتەکانی نێو خێزانەکەی و کەوتنە بەر لۆمە و سەرزەنشت لە کاتی هەر هەڵسوکەوتێک کە بە پێوەر و یاساکانی
سیستەمی پیاوسالاری بۆ ئافرەت ڕێ پێ نەدراوە. بە دڵنیایەیەوە هیچ بەختەوەرییەک لە پێکەوە بوونی پیاوێکی بە دەسەڵات و ئافرەتێکی پاشکۆدا نییە. پیاو و ئافرەت لە چوارچێوەی خێزان یاخود کۆمەڵگە بەگشتی ئەو کاتە بەختەوەرن کە لە سایەی ژیانێکی شکۆمەندانەی تژی بە بەها مرۆڤایەتییەکان و بە عەقڵ و دوونیابینی هەر دوو ئەم مرۆڤە بژین و کاروبارەکانی کۆمەڵگە بەڕێوە ببەن.