هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ كونسوڵى نوێى كوێت كرد

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌، 2022/10/9 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز عوسمان داوود ئه‌لداوود، كونسوڵى گشتيى نوێى كوێت له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك كونسوڵى گشتيى وڵاته‌كه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان، پیرۆزبايى له‌ به‌ڕێزيان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌ركه‌وتنى ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها وێڕاى نيشاندانى خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌وه‌دان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ كوێت، سوپاس و پێزانينى بۆ سه‌ركردايه‌تيى كوێت دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئه‌و هاوكارى و يارمه‌تييه‌ مرۆييانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانيان كردووه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى نوێى كوێت له‌ هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى ده‌ربڕى خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبەكاربوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان، هيواى خواست بتوانێت په‌ره‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كوێت بدات.

دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو، تيايدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌، بۆ هه‌موو لايه‌ك گرنگه‌.