رۆژنامەی هەولێر ئامادەکاریی یانەی شێروانە بۆ خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە یانەی شێروانە دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، یانەکە بە ڕاهێنەرایەتی عادل عەلی و ‌هێنانی چەند یاریزانێکی پیشگەر خۆی بۆ خولەکە ئامادەکات، هەندێک یاریزانی وەرزی ڕابردوو لە یانەکە نەماون و کۆمەڵێک یاریزانی نوێیش پەیوەندیان بە یانە گەرمیانیەکەوە کردووە، بە گوتەی ڕاهێنەری تیپەکە بە هەموو شێوەیەک بۆ خولەکە ئامادەن.

زیاتر لە مانگ و نیوێکە ئامادەکاری دەکەن

ماوەی دوو وەرزە یانەی شێروانە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی تیپەکەی بە عادل عەلی سپاردووە، ئەگەرچی ئەو ڕاهێنەرە وەرزی ڕابردوو لە قۆناغی دووەم بوو بە ڕاهێنەری شێروانە، بەڵام ٢٢ خاڵی کۆکردەوە، دەربارەی ئامادەکارییەکانی ئەم وەزەی تیپەکەیش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر عادل عەلی ڕاهێنەری یانەکە بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: لە ٢٨/٨ وە دەستمان کردووە بە ئامادەکاری تاوەکو دەسپێکی خولەکە دەبێتە ٤٥ ڕۆژ کە ئێمە مەشق و ڕاهێنان دەکەین بۆ وەرزی نوێی خولەکە.

هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە بەشی زۆری یاریزانانی وەرزی ڕابردووی تیپەکە لەگەڵیان بەردەوامن و لە ماوەی ئامادەکارییەکانیش کەمپی مەشق ڕاهێنانیان ئەنجامدا، هەریەک لە یاریزانان هەستیار دڵساد، مەحەمەد سابیر، مەحەمەد حەمید کە وەرزی ڕابردوو یارییان بۆ ئێمە دەکرد لەگەڵمان نەماون.

شێروانە لە ماوەی ئامادەکارییەکانیدا بۆ یارییەکانی ئەم وەرزە، شەش یاری دۆستانەی کردووە لە سێ یاریدا براوە بوون و سێ یاری دۆڕاون و بەر لە دەسپێکی خولەکە یاری دۆستانەی تریش ئەنجام دەدەن.

چەند یاریزانێکی نوێیان هێناوە

دەربارەی هێنانی یاریزانی نوێ و بە هێزکردنی پێکهاتەی تیپەکەی ڕاهێنەری شێروانە گووتی: لەبەرانبەر ڕۆیشتنی یاریزانانمان چەند گرێبەستێکی نوێمان واژوو کردووە، موسعەب جەمال یاریزانی پێشووی خانەقینمان هێناوە، کە لە هێڵی هێرشبەر یاریدەکات، هەروەها هێرشبەری پێشووی یانەکانی نەجەف و نەفت و ڕومادی حوسێن شاملمان هێناوە، یاریزانێکی کوردی ڕۆژهەڵاتمان لەگەڵە، یاریزانێک یان دوو یاریزانی تریش پێش دەسپێکی خولەکە پەیوەندی بە تیپەکەوە دەکەن و پێکهاتەکەمان جێگیر دەبێت.

ئامانجی یانەکە چیە؟

ڕاهێنەری یانەی شێروانە زیاتر قسەی کرد و ئامانجی یانەکەی بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان ئاشکرا کرد، لەو بارەیەوە گووتی: بە گڕوتینێکی زۆرەوە چاوەڕێی دەسپێکی خولەکە دەکەین و ئامادەین بۆ خولەکە، ئامانجمان بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە خولەکە نەک تەنیا بەشداریکردن، من وەکو ڕاهێنەر ڕەنگە ئامانجم جیاواز بێت لە ئامانجی یانەکە، من وەرزی ڕابردوو لە قۆناغی دووەم کە دەسبەرکاربووم ئامانجی یانەکە ئەوەبوو کە یانەکە دانەبەزێ، ئێمە بە توانای یاریزانان نەک دانەبەزین بەڵکو ٢٢ خاڵمان لە قۆناغی دووەم کۆ کردەوە کە دەکاتە پلەی سێیەم لە قۆناغی دووەم، ئەم وەرزەیش یانەکە ڕەنگە ئامانجی ئەوەبێت کە تیپەکە لەڕیزبەندی ناوەڕاستی خولەکە بین، بەڵام من وەک ڕاهێنەر پێکهاتەکەم باشە و ئامانجی ئەنجامی باشم هەیە بۆ تیپەکە گەرەکمە لە ڕیزی یانەکانی سەرووی ڕیزبەندبین و ژمارەیەکی قورس بین لە خولەکە.

ئەنجام و دەسکەوتەکانی شێروانە لە خولەکانی کوردستان

یانەی شێروانە لە ماوەی بەشداریکردنی لە یارییەکانی خولی نایابی کوردستان باشترین دەسکەوتی بەدەستهێنانی پلەی دووەمی خولەکە بووە کە دوو وەرز بەر لە ئێستە بوو واتا وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ کە یانەی برایەتی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، هەروەها یەکجاریش پلەی سێیەمی خولەکەی بەدەستهیناوە لە وەرزی ٢٠١٦-٢٠١٧ بوو ئەو کات پێشمەرگەی هەولێر بووە پاڵەوانی خولەکە، شێروانە یەکجاریش بۆتە پاڵەوانی جامی سوپەری کوردستان کە وەرزی ڕابردوو بوو بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە یانەی سیروانی نوێی بردەوە، لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستانیش یانەکە دوو جار بۆتە پاڵەوانی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.

شێروانە لەیەکە یاری خۆیدا لە یارییەکانی ئەم وەرزەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی دهۆک.

ھەواڵی زیاتر