ئەمریکا ئەو هێرشانە ناوچەکە نا سەقامگیرتر دەکات

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

لە دوای ئەو زنجیرە هێرشانەی ئێران لە هەفتەی رابردوودا کرانە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەکان لە نێوخۆی وڵاتان رووی لە زیادبوونە و وڵاتان ئەو هێرشانە بە هۆکاری نا سەقامگیری زیاتری ناوچەکە دادەنێن، هێرشەکان کە سیدەکان و ناوچەی دیکەی گرتووەتەوە بەپێشێلکردنی روونی سەروەری عێراق دادەنرێت و عێراق و ولاتانی ئەنجوومەنی ئاسایشیش داوا دەکەن ئێران چیدیکە دەست بۆ چارەسەری سەربازی نەبات، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پەیوەندیدایە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیکە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە .

ژمارەیەک میدیا باسیان لەوە کردبوو کە لەدوای هێرشەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی لە ئێرانەوە پێگەیشتووە لەوبارەوە، بەڵام هێشتا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ شتێکی لەوبارەوە رانەگەیاندووە، بەڵام هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بەروونی راگەیێنرابوو و کە نابێت خاکەکەی دژی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت و ناشبێت وڵاتان پەنا ببەنە بەر بۆردوومان و بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئۆپەراسیۆن دژی ئەو گرووپ و هێزانەی نەیاری تورکیا و ئێرانن، لە بەرامبەردا بەپێی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سنووری دهۆک و هەولێر ژمارەیەک گوند بەهۆی بۆردوومانەکان چۆڵکراون .
بۆردوومانەکانی ئێران هاوکاتە لەگەڵ نزیکەی سێ هەفتە لە خۆپێشاندانی خەڵك لە سەرانسەری ئێران لە بەرامبەر گیان لەدەستدانی مەهسا ئەمینی کە لەسەر دەستی پۆلیسی رەوشت دوای لێدانی گیانی لەدەستدا، هەر چەندە ئێران ئەشکەنجەدانی ئەمینی رەتکردەوە، بەڵام کەسوکارەکەی دەڵێن دوای ئەشکەنجەدان گیانی لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران لە نێوخۆشدا هێڵی ئینتەرنێتی پچڕاند بۆ دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکان، شارەزایان دەڵێن بۆردوومانکردنی گرووپەکان هەوڵێکە بۆ گۆڕینی ئاراستەی ئەو ناڕەزایەتییەی لەنێوخۆی وڵاتەکە سەری هەڵداوە.
ناتان تێک، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەوە رایگەیاند:” نیگەرانین لەوەی ئێران هەوڵی ناسەقامگیری زیاتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، بەتایبەت بۆ وڵاتانی دراوسێی، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ راگرتنی و دەستگەیشتنی خەڵکیش لە ئێران بە هەموو مافەکانی .”
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن ئێران راهاتووە لەوەی کێشە نێوخۆییەکانی ئاراستەی وڵاتانی دەرەوە بکات، حیزبەکان بەوە تۆمەتبار دەکات کە پشتیوانی ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانەیان کردووە لە نێوخۆی ئێران هەیە.”
هەرچەندە ئێران ئەو حیزبانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دنەدانی خۆپێشاندان و گرژی دادەنێت بەڵام حیزبەکان رەتی دەکەنەوە هانی هیچ تووندوتیژیەکیان دابێت لە نێوخۆی ئێران، بەڵکو دەڵێن خەڵک مافی خۆیەتی خۆپێشاندانی ئاشتیانە بکات، هەم فەرەنسا و هەم ئەمریکا و ئەوروپا لە رۆژانی رابردوو بە توندی سەرکۆنەی ئەو بۆردوومان و هێرشانەی سەر سنووری هەرێمی کوردستانیان کرد .
هادی ئەفقەهی دیپلۆماتکاری پێشووی ئێران لەبارەی ئەو هێرشانە دەڵێ:” بێ کشانەوەی ئەو گرووپ و هێزانە لە سنوور، کاردانەوەی ئێران بەردەوام دەبێت، دەبێت ئەو دۆخە چارسەرێک بکرێت.”
رەتی دەکاتەوە ئەو جوڵە سەربازییانە و خۆپێشاندانەکان پەیوەندیان بە یەکەوە هەبێت.” ئێستا بەشێکی گرووپەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن ئێران هێزی لە سنوور، کۆکردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەوە پشتڕاست نەبووەتەوە و دیار نییە هەنگاوەکانی داهاتوو چ دەبن، بەڵام لای خۆیەوە ئەمریکا رایگەیاندووە:” هەر پێشێلکردنی سەروەریەکی عێراق و سەلامەتی خاکەکەی رەت دەکەینەوە، ڤیدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:” ئێمە دژی هەر پێشێڵکردنێکی خاکی عێراق و سەروەرییەکەین.”

ھەواڵی زیاتر